له‌ هه‌موو خه‌سارێك عه‌قڵێك


 بینراوه‌  : 17

ئه‌مه‌ په‌ندێكی كوردی دێرینه‌ پشتاو پشت پێشینانمان وه‌ك وانه‌ به‌ ڕۆڵه‌كانیان وتووه‌ته‌وه‌،

له‌ فه‌رمووده‌ی پێغه‌مبه‌ریشدا هاتووه‌ كه‌ مرۆڤی ئیماندار له‌كونێك دووجار ناگه‌زرێت، قسه‌یه‌كی تریش هه‌یه‌ نزیكه‌ له‌م دوانه‌ به‌ڵام له‌ شێوه‌ی دۆعادا ده‌كرێت ده‌ڵێت: ئه‌گه‌ر جارێك خه‌ڵه‌تاندمت خوا بتگرێت، ئه‌گه‌ر دووجار خه‌ڵه‌تاندمت خوا بمگرێت، با بێمه‌ سه‌ر ناوه‌ڕۆكی بابه‌ته‌كه‌، هه‌ندێ كه‌س هه‌ن له‌م ژیانه‌دا كه‌ دووچاری زیانێك ده‌بن یا گرفتێكیان بۆ دروست ده‌بێت ڕاسته‌وخۆ ده‌ڵێن بۆم نایه‌ یا به‌ خوا من هه‌ر نه‌گبه‌تم و شانصم نی یه‌، له‌ بری ئه‌م به‌یت و بالۆره‌ هه‌ق وایه‌ به‌خۆیدا بچێته‌وه‌ بزانێ ئه‌و جاره‌ كه‌وت هۆكاره‌كه‌ی چی بوو؟ ئه‌ی ئه‌م جاره‌ بۆ كه‌وت؟ ئه‌و مامه‌ڵه‌یه‌ زیانی كرد بۆچی؟ ئه‌مجاره‌ بۆ؟ نه‌ك به‌م ده‌سته‌ واژه‌ بێ بنه‌ ما و بێ مه‌غزا خۆی بپه‌ڕێنێته‌وه‌ وكۆڵێ گله‌ییش له‌ خوا بكات و قه‌رزار باری بكات نه‌عوز و بالله‌، ئه‌م گه‌لی كورده‌ ئه‌مه‌ ده‌یان جار كه‌وت و سه‌رمه‌ قولاتی دا، قاچی شكا ، باڵی شكا، ئه‌مه‌ صه‌دجار ئه‌ژدیهای حه‌وت سه‌ر گه‌زتی و دووپشكی هه‌مان كه‌ڵه‌ك و كونه‌به‌رد پێوه‌ی دا، هه‌ر به‌رپێی خۆی نه‌بینی و لایتێكی ده‌ستی و دارده‌ستێكی به‌كار نه‌هێنا دوو به‌ردی پێ ئه‌م دیو دیو بكات وپوشێكی پێ لابدات، له‌پڕ هاوار و باوكه‌ ڕۆی لێ به‌رز ده‌بێته‌وه‌ نه‌م وت من هه‌ر نه‌گبه‌تم و بۆم نایه‌، كوره‌ بابه‌ ئه‌وه‌ كه‌ی قسه‌ی پیاوه‌ و كه‌ی ڕووی بازاڕی هه‌یه‌، ئه‌ی بۆ ناڵێی گێلم، خۆش باوه‌ڕ و ساویلكه‌م، سیاسه‌ت نازانم، هونه‌ری به‌ڕێوه‌بردن نازانم، پرس ناكه‌م خۆم به‌ ئاینشتاین وشكسپیر و ئه‌فلاتۆن ناگۆڕمه‌وه‌ كه‌چی ته‌پی لێ ناپێكم، ئه‌ی بۆ ناڵێی پێم عه‌یبه‌ پرس و ڕابكه‌م و چوار عه‌قڵی تر بخه‌مه‌ پاڵ عه‌قڵی خۆم و مێژوو ورد و جوان بخوێنمه‌وه‌ و گێژ و ته‌ته‌ڵه‌ی بكه‌م ، جارجارێكیش توڵێكی ته‌ڕ و دار حه‌یزه‌رانێك هه‌ڵبگری له‌و مشه‌خۆر و جه‌ماعه‌تی ئه‌شهه‌دو بیلایه‌ی دنیایان لا كردویت به‌ ماستی مه‌ییو، ئه‌م قسه‌ یه‌كه‌م جار ڕوو له‌خۆمه‌ له‌ كه‌وتن وشكسته‌كانی ژیانمدا پاشان ڕوو له‌ زاناو مه‌لاكانی تری كوردستانه‌، له‌ پاش ئه‌وه‌ ڕوو له‌ هه‌موو كار به‌ده‌ستێكی بچوك و گه‌وره‌یه‌ له‌ ڕووی دڵسۆزی وخه‌مخواردنه‌وه‌ نه‌ك له‌ ڕووی تانه‌ و ته‌شه‌ر و شكاندنه‌وه‌، مرۆڤ هێلكه‌یه‌كی له‌ده‌ست بكه‌وێت و بشكێت تا ده‌مرێت هه‌ر كاتێك گه‌یشته‌وه‌ ئه‌و شوێنه‌ ئه‌و ڕووداوه‌ی بیر ده‌كه‌وێته‌وه‌، ئه‌ی چ عه‌جه‌ب سیاسه‌ت بازه‌كانی كورد ئه‌ڵێی نه‌بایان دیووه‌ و نه‌بۆران؟ من ده‌زانم به‌ بارو دۆخێكی زۆر سه‌خت و ناهه‌مواردا ده‌ڕۆین ترس و بیم دڵ و ده‌روونی تاك تاكی گه‌له‌كه‌می گرتووه‌، تاعون و گه‌له‌گورگ ڕووی تێكردووین و په‌لامارمان ده‌ده‌ن، من چاك ده‌زانم چه‌نده‌ خوێنمان ڕژا و چه‌نده‌ كوڕی جوان و ئازامان له‌ ده‌ست دا و جه‌رگی باوك و دایكیان سووتا، به‌ڵام دڵنیام ئه‌م خه‌م و ته‌مه‌ش ده‌ڕه‌وێته‌وه‌ و ئه‌م شه‌وه‌ زه‌نگه‌ش به‌ تیشكی زێڕینی خۆر كه‌ هه‌ڵ دێت له‌ به‌نده‌نی به‌رزی وڵاته‌وه‌ نامێنێت و ئاسۆ ڕووناك ده‌بێته‌وه‌، ئه‌م سته‌مكارانه‌ش به‌ر شه‌قی زه‌مانه‌ و له‌عنه‌تی مێژوو ده‌كه‌ون و له‌وانه‌ی پێشوو ڕۆژیان ڕه‌شتر و ڕسواتر ده‌بن، به‌ڵام بۆ گه‌یشتن به‌و ڕۆژه‌ پێویسته‌ :
1-هه‌وڵی فه‌رهادانه‌ی ده‌وێت بێستوونی نا ئومێدی هه‌ڵكۆڵین و تروسكه‌ی هیوا ده‌ربخه‌ین.
2- بڕیاری مه‌ردانه‌ وشه‌هامه‌تی جوامێرانه‌ی ده‌وێت شه‌یتانی نه‌فس به‌ له‌عنه‌ت بكه‌ین و ئاشت ببینه‌وه‌ و یه‌ك بگرین و داوای لێبوردن له‌ یه‌كتر بكه‌ین.
3- ئه‌وه‌ی بۆمان ده‌پارێزرێت بیپارێزین و زه‌ره‌ر له‌ نیوه‌ی بگه‌ڕێته‌وه‌.
4-تابلۆی هه‌ڵه‌كان به‌رامبه‌رمان هه‌ڵبواسین و ڕۆژانه‌ سه‌یریان بكه‌ین و پێداچوونه‌وه‌یان بۆ بكه‌ین و نه‌یانخه‌ینه‌ مۆزه‌خانه‌ی مێژووی له‌بیرچوونه‌وه‌.
5- له‌وحول مه‌حفوزێكی نهێنمان هه‌بێت ناو و نیشانی گشت دۆسته‌كان و ناحه‌ز و دوژمنه‌كانمانی تیا تۆماركرابێت و زوو زوو سه‌یری بكه‌ین و بیخوێنینه‌وه‌.
6-داڕشتنه‌وه‌ی هێزی چه‌كداری كوردستان له‌سه‌ر بنه‌مای نیشتمانی و نه‌ته‌وه‌یی نه‌ك حیزبی و هه‌ركه‌سێك ویستی ببێت به‌ پێشسمه‌رگه‌ یا سه‌ربازی كوردستان په‌یمان نامه‌ی شه‌ره‌فی پێ مۆر بكرێت كه‌ خیانه‌ت له‌ كورد و كوردستان نه‌كات بۆ هیچ مه‌رام و مه‌به‌ستێك، پله‌ و پۆستی سه‌ربازی له‌ سه‌ر بنه‌مای بڕوانامه‌ و پسپۆڕی و لێهاتووی بدرێت.
7-ماڵ و دارایی گه‌لی كورد له‌ ده‌ستانێكی ئه‌مین و پاك وخاوه‌ن عیزه‌تی نه‌فسدا بێت، نه‌ك شه‌ره‌ف و پیاوه‌تی له‌سه‌ر دابنرێت و ته‌خشان و په‌خشانی پێوه‌ بكرێت، داهات و خه‌رجی دیار بێت و به‌ یاسای ئه‌مه‌ت له‌ كوێ بوو پرسینه‌وه‌ بكرێت له‌ گه‌وره‌و بچوك.

مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی
8-11-2017 هه‌ڵه‌بجه‌


كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 9375     میوان 30