سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم - ئه‌رشیف


 بینراوه‌  : 43

هه‌رچه‌نده‌ بیر ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ئاوه‌ جوانه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم !! له‌ كوێوه‌ دێت ؟ گه‌نجینه‌كه‌ی له‌ كوێدایه‌؟

ده‌ڵێین ئاوی بارانه‌، باشه‌ ئاوی باران ڕۆژێك دووان سیان ! چۆن ته‌واو نابێت و نابڕێته‌وه‌؟ خۆزگه‌ كه‌سێكی پسپۆڕ و شاره‌زا له‌ بواری ئاو و باران و جیۆلۆجی دا زه‌رب و ته‌قسیم و حیساباتێكی بۆ ده‌كردین و له‌ سه‌رئه‌نجامه‌كه‌شی ئاگاداری ده‌كردینه‌وه‌، باوه‌ڕم به‌ قورئانی پیرۆز هه‌یه‌ كه‌ ده‌فه‌رموێ : خوا ئه‌و خوایه‌یه‌ كه‌ با ده‌نێرێ و هه‌وره‌كان هه‌ڵده‌چن و بڵاو ده‌بنه‌وه‌ به‌ ئاسماندا و تۆ دڵۆپی باران ده‌بینی له‌ نێو هه‌وره‌كانه‌وه‌ ده‌رده‌چێت و دێته‌ خواره‌وه‌، هه‌روه‌هایش باوه‌ڕم به‌ زانستیش بته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت :تیشكی خۆر ده‌دات له‌ ده‌ریاكان و ده‌یكات به‌ هه‌ڵم و با هه‌ڵ ده‌كات و هه‌ڵمه‌كه‌ ئه‌مدیو و ئه‌و دیو ده‌كات و چڕ ده‌بێته‌وه‌ و به‌هۆی بای سارده‌وه‌ ده‌بێته‌ تنۆكه‌ی باران و پاشان ده‌بارێته‌ سه‌ر زه‌وی ئه‌م قسانه‌ هه‌موو ڕاستن، به‌ڵام من ده‌پرسم ئه‌م ئاوه‌ دوانزه‌ مانگه‌ بۆ ته‌واو نابێت ؟ باواز له‌مه‌ش بهێنم و بێمه‌وه‌ سه‌ر جوانی چه‌می زه‌ڵم وهاژه‌ی ئاوه‌كه‌ی و تاڤگه‌ جوانه‌كه‌ی و شاخ و داخه‌كه‌ی و دار و ده‌وه‌نه‌كه‌ی و گۆم و چه‌م و جۆگه‌له‌كانی و گوێز و توو هه‌نار و هه‌نجیر و هه‌ڵوژه‌ و پونگه‌ و توڕك و ته‌ڵان و پله‌ كانه‌ و قۆره‌ی مانگا و قاسپه‌ی كه‌و وجریوه‌ی مه‌ل و جوانی دیمه‌نی خانه‌ باخ و ماڵه‌كانیان و غیره‌ت و گورج و گۆڵی ژن و كه‌نیشك و كوڕ پیاویان هه‌تا بگاته‌ پیره‌ژنه‌ به‌ته‌مه‌نه‌كانیشیان كه‌ كۆڵ ناده‌ن له‌ كار كردن، نانی گه‌رم و ترتی ساجیان، دۆی سازگار و به‌ تامی مه‌شكه‌یان ، هه‌ناری جوان و به‌تام وگه‌وره‌یان، هه‌نجیری سه‌وز و زه‌رد و ڕه‌ش و شا هه‌نجیریان گه‌ر خوا بۆت بكا گشت به‌یانی یه‌ك سێ دانه‌ی لێ بخۆیت به‌ نانه‌وه‌ دكتۆر و داوو ده‌رمانت ناوێت، من زۆر كه‌م بۆم ڕێك ده‌كه‌وێت بڕۆم بۆ هاوینه‌ هه‌واره‌كان و بتوانم به‌ ئاره‌زووی خۆم و مناڵه‌كانم بگه‌ڕێین و سه‌یران بكه‌ین، چه‌ند دۆست و خۆشه‌ویست و ناسراوێكم هه‌یه‌ ساڵانه‌ داوام لێ ده‌كه‌ن سه‌ردانیان بكه‌م به‌ڵام له‌به‌ر سه‌رقاڵی و مزگه‌وت و له‌به‌ر ناجۆری ئه‌و شوێنانه‌ له‌ كاتی پشوو جه‌ژن و بۆنه‌كاندا بۆ مامۆستایه‌كی ڕیش سپی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی هه‌ندێ له‌و میوانانه‌ خراپ ئه‌و شوێنه‌ جوانه‌ خۆشه‌ به‌كار ده‌هێنن و مافی كه‌سانی تر پێشێل ده‌كه‌ن ناچارین بگه‌ڕێین بۆ فرسه‌تێك كه‌ چۆڵ بن و خه‌ڵكی سه‌رخۆش و بێ هۆشی لێ نه‌بێت ئه‌وكاته‌ بڕۆین زاخاوێكی چاو وگوێمانت بده‌ین به‌ ته‌ماشاكردنی دیمه‌نه‌كانی و به‌ گوێ گرتن له‌ ئاواز و مۆسیقای ئاو و تاڤگه‌ و ده‌نگی مه‌ل و ماڵاته‌كه‌ی، دوێنێ شه‌ممه‌ 7-10-2017 به‌ هاوڕای هاوسه‌رم و مناڵه‌كان ناوی خوامان لێ هێنا و ڕۆشتین تا دوای نوێژی عه‌سر له‌وێ بووین، سوپاسی ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ده‌كه‌م زه‌حمه‌تیان كێشا وخزمه‌تیان كردین ته‌نها له‌به‌ر خوا، كاتی خۆی مامۆستای خوا ناس پیره‌مێردی شاعیر سه‌یری ئه‌م سه‌رچاوه‌یه‌یه‌ی كردووه‌ و سه‌رنجی داوه‌ و هۆنراوه‌یه‌كی به‌سه‌ردا هۆنیوه‌ته‌وه‌ و ده‌ڵێ:

تاڤگه‌ی زه‌ڵم
ئاوه‌ جوانه‌كه‌ی سه‌رچاوه‌ی زه‌ڵم--- بۆچ به‌هار لێڵی و پاییز سه‌ر به‌ ته‌م
ئه‌ڵێی سه‌رچاوه‌ی به‌ختی كوردانی—جێ به‌ خۆت ناگری، وێڵی هه‌ردانی
سه‌رچاوه‌ت سه‌ربه‌رز، ساردی وه‌ك ته‌رزه‌—دانه‌ت مرواری له‌نجه‌ت سه‌د ته‌رزه‌
له‌و ئاسمانه‌وه‌ ئه‌ڕژێیته‌ خوارێ---له‌چاوی گه‌ردوون فرمێسك ئه‌بارێ
وێڵ وسه‌ره‌ڕۆ به‌ڕۆ ڕۆ و پڕ ده‌رد—به‌ فه‌ڵبه‌زه‌وه‌ سه‌ر ئه‌ده‌ی له‌به‌رد
ده‌ست له‌ ملانی له‌گه‌ڵ تانجه‌رۆ—به‌سه‌ودای سیروان وێڵ و ڕه‌نجه‌ڕۆ
له‌دواواندا كه‌یه‌ك ئه‌گری---وه‌ك دوو میسراعی به‌یتی مه‌وله‌وی
سیروانی ئه‌م چه‌م تانجه‌رۆی ئه‌و چه‌م—بده‌ن وه‌هه‌مدا ئه‌م چه‌م تا ئه‌و چه‌م
مه‌وه‌سته‌ بڕۆ به‌ لم و خاكا--- بگری له‌ڕه‌وزه‌ی سه‌لمانی پاكا
پێی بڵێ قوربان، تۆ ناوت پاكه‌—بمانخه‌ره‌ ڕێی یه‌كێتی و چاكه‌
دوای ئه‌وه‌ بڵێ ئه‌و خاكه‌ دێمه‌—چۆن پڕ ئاو ئه‌بێ به‌ ئاوی ئێمه‌
كه‌وابێ تو خوا ئابڕوومان مه‌به‌ن—وه‌ك كای بێگانه‌ مه‌مانكه‌ن به‌ شه‌ن
گوناهمان چییه‌ كه‌ده‌ستی یه‌زدان—به‌جێ وڕێ ئێمه‌ی خسته‌ ژوور ئه‌وان

مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی
8-10-2017 هه‌ڵبجه‌


كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 73084     میوان 50