ســــۆزێك بــۆ مزگه‌وت - ئه‌رشیف

2015-09-13
 بینراوه‌  : 1089

ناوێكی جوان و شیرین ومزرو به‌تام ،تێرنابم لێت،ماندونابم پێت،راناكه‌م لێت،نه‌خه‌وو نه‌خواردن پشووم پێ ناده‌ن تا پێ نه‌نێم تێت،ده‌نگی خۆشی بانگت،مناره‌ی به‌رزی جوانت، گومه‌زی خوده‌یی گردو گۆییت،حه‌وزی ئاوی ده‌ست نوێژت،
جێگای ئه‌ده‌ب وشه‌رمت كه‌مرۆڤ له‌ باڵانص ومیزانی‌ ئه‌دات وبیری ئه‌خاته‌وه‌ چه‌ندلاوازه‌وچی یه‌ وچۆنه‌؟حوجره‌وفه‌قێ خنجیلانه‌ت،كۆری وانه‌ی قورئان وفه‌رمووده‌و فیقهت،مامۆستای به‌رێزو دڵسۆزت،ریش سپیانی خاوه‌ن ته‌جروبه‌ وحه‌كیمت،گه‌نجانی هێمن وبه‌هیمه‌ت وبه‌شه‌رمت،مناڵانی پاك وبێ فێڵ وزیته‌ڵه‌ت،دایكانی پۆپ سپی ماندوی سه‌فه‌ری ژیانت،ژنانی پێگه‌یشتووی به‌ حه‌یات،كچانی پۆشته‌ و په‌رداخی ژیرو وریاونه‌خه‌ڵه‌تاوت،خادیمی ریش سپی رۆح سوكت،مجێوری به‌هێزی بێ فیزی لێزانت،حه‌وشی پڕ له‌ گوێزونه‌عناو گوڵ ومۆرد وبناوه‌چ وچیمه‌نت،بیری ئاودارو سازگارت،سێ ده‌روازه‌ی گه‌وره‌ی واڵای رۆژهه‌ڵات و رۆژئاواوباكورت ،مینبه‌رو میحرابی مه‌رمه‌رو رازاوه‌ت به‌ده‌ستی وه‌ستای ده‌ست ره‌نگینی جوانرۆییت،فه‌رشی سه‌وزو جوان وپاك ودڵگیرت ،ده‌رسی عامی پێنج شه‌ممانی خوشكان و دایكانت،وانه‌ی شه‌وانی جومعه‌ی براو رۆڵه‌ و باوكانت،وتاری به‌ پێزی جومعه‌ی قه‌ره‌باڵغی ئاوه‌دانت،كۆری ته‌راویحی ره‌مه‌زان و شه‌وانی قه‌دری پڕ فه‌رت،ده‌نگی صه‌ڵای پارشێوی قاره‌مانت،گرنگه‌ی قوتابیانی ناوه‌ندی و ئاماده‌یی وزانكۆت،خه‌تمی دوومانگ جارێكی قورئانی به‌یانیانت، مۆزو خورماو كێك وشه‌ربه‌تت،شیرینی به‌ربانگی ره‌مه‌زانت،حه‌وشه‌كانی پێشه‌وه‌و وپشته‌وه‌و و خۆر هه‌ڵات و خۆر ئاوات،قیڕه‌و قاڵه‌ی به‌قاڵ وورده‌واڵه‌ فرۆش ومیوه‌ فرۆش وهه‌رزان بازاڕی به‌رده‌رگاكانی رۆژی جومعه‌ت كه‌ ده‌یان ئاواز تێكه‌ڵ به‌ یه‌ك ده‌بن له‌گه‌ڵ مه‌رحه‌باو هه‌واڵ پرسینی خزمان و دۆستانی نوێژ خوێنی رۆژی جومعه‌ت ،زرمه‌ی توندی داخستنی ده‌رگاكانت،تۆرانی دانه‌دانه‌یه‌كی نوێژ خوێنانت ،پرته‌و بۆڵه‌ی مامۆستای ماندوی هه‌مه‌جۆره‌ ئیشكه‌ری سه‌رو خوارت ،قیڕه‌ی ئامینی مناڵی تازه‌هاتووی ئێوارانت كه‌ وه‌ك زه‌رده‌ زیڕه‌ پێوه‌یان بدات هاوار ئه‌كه‌ن وئه‌قیرێن ئئئئئئئئامیییییییین،تووڕه‌بوونی دوان سیانێ له‌ كه‌م جیقڵدانه‌كانت،خۆكوتانی زۆرێك له‌ نوێژ خوێنانت بۆ به‌ر سۆبا و موبه‌ریده‌ له‌زستان و له‌ هاویندا بێ گوێ دانه‌ خه‌یری لای راست و ریزی یه‌كه‌م ،بانگ بێژی زۆروه‌ك گه‌ڵای دار به‌ڵام جارجار وه‌ك برنوتی ده‌ست ناكه‌ون  بانگ هه‌رنادرێت :كاك قاره‌مان و كاك سه‌رداروكاك ئیحسان و وه‌رزێرو به‌خته‌وه‌رو دووهێمن ودوومحمد ویه‌ك به‌مۆو یه‌ك رێدینی ته‌وێله‌یی ومامۆستا هیواو محسن ومامۆستا طاهريش جارجار, ئه‌بو يه‌حياومامۆستا محسنی ده‌رمان ،جاره‌جاره‌ بیلالی حه‌به‌شی ئاخر زه‌مان كاك خه‌سره‌وگیان كه‌بانگ ئه‌دا ئه‌ڵێم یالیت بینی وبینك بعد المشرقین فبئس الاذان,مامه‌ عومه‌ری به‌ڵخه‌ییش به‌یانییه‌ك بانگی دا الصلاه خیر من النومی له‌بیر چوو وتم بۆ نه‌ت وت ؟ وتی بۆ ئه‌یڵێن تا ئێواره‌ بقیرینن له‌م جه‌ماعه‌ته‌ زیاد ئه‌كات؟....با بێمه‌ سه‌رسه‌ربازی نه‌ناسراوت ده‌روێش فایقی مام برایم كه‌ رۆژانه‌ سه‌عاتێك پێش بانگ لله‌ وفی الله‌ دێت وده‌رگاوباڵێنت ئه‌كاته‌وه‌ وگه‌رماوسه‌رمائه‌كاته‌وه‌ونوێژی خۆی ئه‌كات وقورئانی نه‌خوێنه‌وارانه‌ ئه‌خوێنێت.(مه‌ته‌ڵ) : ئه‌و مزگه‌وته‌ی كه‌له‌سه‌ره‌وه‌ باسم كرد مزگه‌وتێكه‌ له پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ وله‌‌ گه‌ره‌كی كانی قوڵكه‌ ،كۆمه‌ڵێك مناره‌ی بچوكی قه‌ڵه‌می و گومه‌زێكی جوانی هه‌یه‌ ،مامۆستاكه‌ی ناوی مامۆستا مه‌لا طاهربامۆكی یه هه‌ركه‌س ناوه‌كه‌ی بزانێ یه‌كسه‌ر دوای ناوه‌كه‌ بڵێت(رضي الله‌ عنه‌)خه‌ڵاته‌كه‌شی ئه‌وه‌یه‌ ‌‌بۆنوێژی پێنج فه‌رزه‌و جومعه‌ له‌ خزمه‌تیداین هاتن بۆ هه‌موانه‌ و به‌ بێ به‌رامبه‌ریش حه‌ز ئه‌كه‌یت له‌ ریزی پێشه‌وه‌و له‌پشت سه‌ری ئیمامیش جیگا بۆ خۆت بگره‌(قووشش) ناتوانێت پێت بڵێت برۆ دواوه‌و ئه‌وه‌ جێگای تۆ نی یه‌،هه‌رنوێژێكیشی به‌ جه‌ماعه‌ت بیكه‌یت به‌ بیست و پێنج تا بیست و حه‌وت نوێژه‌ له‌ماڵه‌وه‌ بیكه‌یت ،له‌ ده‌ستی خۆتی ده‌رمه‌كه‌ قه‌سه‌م به‌ قورئان هه‌ركه‌ نقه‌ت لێبڕا تا به‌ڵگی گوێت په‌شیمانی ،ده‌ستم به‌ پشتوێنتان مه‌ردی خوابن ئه‌م خه‌یره‌ گه‌وره‌ له‌ ده‌ستی خۆتان مه‌ده‌ن ،قیرو سیا ئه‌گه‌ر فریایش نه‌كه‌وتی بێیت بۆ ئێره‌ برۆ بۆ مزگه‌وته‌كه‌ی گه‌ره‌كی خۆتان ،له‌وانه‌یه‌ پێكه‌نینت بێت به‌م قسانه‌ی من ،ناهه‌قت ناگرم چونكه‌ رۆژه‌كه‌ی وای لێهاتووه‌ و بازاری شه‌یطان گه‌رمه‌ و بازاری زۆرێك له‌ مزگه‌وته‌كانیش ئه‌ڵێ مه‌عاشه‌كه‌ی هه‌رێمه‌ به‌ چوار مانگ جارێك دیشێكي ئه‌یكه‌نه‌وه.‌ مزگه‌وته‌كه‌م، سه‌یرناگه‌كه‌م،به‌هه‌شته‌كه‌م،مه‌رزی كه‌سابه‌ته‌كه‌م ،جێگای حه‌وانه‌وه‌ی دڵه‌كه‌م ،شوێنی زاخاوی مێشك و دڵ و ده‌روونم،ئای كه‌ دڵخۆشم به‌هاتنه‌ ناوت ،وای كه‌ سه‌ر به‌رزم كاتێك سه‌ر ئاوه‌كانت ئه‌شۆرم،ئۆخه‌ی كه‌ رێگام كه‌وته‌ تۆ و هه‌ڵه‌ م نه‌كرد و ده‌ڵه‌ نه‌بووم به‌ره‌و نادی مه‌یفرۆش و مه‌یخۆران،صه‌د شوكر بۆخوا تازه‌ واراهاتووین به‌یه‌كه‌وه‌ من بێ تۆ نامكرێ و تۆیش به‌ بێ منپه‌كت ناكه‌وێت،ماڵه‌كه‌ی خوا ماڵی ئاوا ئه‌و كه‌سه‌س ئاوای كردیتۆ ،ده‌ستیان خۆش بێت گشت ئه‌وانه‌ی بوونه‌ یارمه‌تی ده‌ر بۆ دروست بوون وته‌واوبوونی تۆ ،هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌و ئه‌ندامانه‌ت كه‌ كۆچیان كرد وچۆڵیان كردیت به‌مردنیان ،صه‌د ئفه‌رین بۆ ئه‌وانه‌ش ئه‌ندامی نوێ و به‌رده‌وامی تۆن ،مزگه‌وته‌كه‌م ناوه‌كه‌ت كه‌له‌ ته‌زێنه‌ ،مونافیق تۆقێنه‌ ،بروادار خۆشی دێت له‌ ناوبردن و هاتنه‌ ناوت ، دڵ نه‌خۆش بێزاروكاسه‌ له‌ ناوبردنت ،ئه‌و رۆژه‌ بۆ یه‌كه‌م جار ده‌رگاكه‌ت به‌رووی نوێژ خوێنانی شاره‌ كۆست كه‌وتووه‌كه‌مدا كرایه‌وه‌ بوویت به‌ په‌نا، بوویت به‌ سێبه‌ر بۆگه‌وره‌و بچوكی هه‌ڵه‌بجه‌كه‌م ،ئه‌ورۆژه‌ رۆژی جومعه‌ بوو باشترینی رۆژه‌كانه‌،وه‌رزه‌كه‌ش پایزبوو له‌لایه‌ك خه‌زانی رۆڵه‌كانی گه‌له‌كه‌م بوو له‌لایه‌كیش وه‌رزی جه‌موجۆری حاصڵات وبه‌رو بوومی ره‌نجی ساڵ بوو، به‌كرانه‌وه‌ی ده‌رگاكانت سێ ده‌رگای به‌هه‌شتمان لێ كرایه‌وه‌ و سێ ده‌رگای دۆزه‌خمان لێ داخرا، ئه‌ورۆژه‌ به‌رواره‌كه‌ی (21/جمادی الثاني /1418 بوو به‌رامبه‌ر به‌ 24/10/1997 )هه‌ژده‌ساڵه‌ من له‌ خزمه‌تی تۆدام وتار ئه‌خوێنه‌مه‌وه‌و پێش كه‌ش به‌ نوێژ خوێنانی تۆی ده‌كه‌م ،پانزه‌ ساڵیشه‌ من پێش نوێژی ده‌كه‌م له‌ میحرابه‌كه‌ی تۆدا ،هه‌ژده‌ حكومه‌ت و پانزه‌ حیزب هاتن و چوون ومن و تۆ هه‌ر ده‌ست له‌ ملانین ،هه‌زارزاڵم ته‌خت بوو،هه‌زار كورسی شكا تۆ رۆژ له‌ دوای رۆژ جوانتر و خۆشتر ئه‌بیت ،هه‌زار بێ دین كه‌ ئاواتی بوو مناره‌كانت ببات به‌ حه‌واداترۆ بوون و تیا چوون تۆ وه‌ك كه‌ژی نه‌وه‌ر و باڵامبۆ و مه‌گڕو هۆمه‌ر ئاواو ئه‌لیاس ئاغاو وه‌ك شاخی شنروێ وبه‌فری میری وشرام ته‌ته‌وداڵانی وكه‌لی كه‌ما جاڕو هه‌زار خانی و ره‌نگین و سورێن وكاژاو سه‌رت به‌رزه‌وسه‌رت سه‌وزه‌و نوكی مناره‌و گومه‌زه‌كه‌ت چقڵی چاوی نامه‌رد ودژ به‌گه‌ل و دژ به‌ دینه‌،ئیتر كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ ناوه‌كه‌ت بهێنم ،به‌ڵام رێگام بده‌ صه‌ڵاواتێك بنێرم بۆ رۆحی نووری چاوه‌كانم پێغه‌مبه‌ری عه‌زیزم محمد المصطفى ویه‌ك سه‌لامی گه‌رم و به‌كوڵیش بنێرم بۆ رۆحی یاری غار دووهه‌می دوانه‌كه ئه‌بوبه‌كری صدیق كه‌ ئیمانی سه‌نگینتره‌ له‌ ئیمانی ئومه‌ت جا بێمه‌وه‌ خزمه‌تت :اللهم صل وسلم وبارك علی محمد وعلی آل محمد , ره‌زاو ره‌حمه‌تی خوا له‌ گیانی ئه‌بوبه‌كری صدیق ،به‌ڵێ پێشه‌وا عومه‌ری كوری خه‌طاب مزگه‌وته‌كه‌م به‌ناوی تۆوه‌ ناو نراوه‌ هه‌زار ره‌حمه‌تی خوات لێبێت ‌،خۆم به‌ به‌خته‌وه‌ر ئه‌زانم خزمه‌تی مزگه‌وتێك و ماڵێكی خوا ده‌كه‌م كه‌ به‌ناوی پیاوێكی هیمه‌ت به‌رزی وه‌ك جه‌نابته‌وه‌ ناو نراوه‌،له‌خواداواكارم كه‌ له‌گه‌ڵ پێغه‌مبه‌ران و راستگۆیان وشه‌هیدان وپیاوچاكاندا كۆمان بكاته‌وه‌ ئامین.
 
مامۆستا مه‌لا طاهربامۆكی
 
پێش نوێژو وتارخوێنی مزگه‌وتی پێشه‌واعومه‌ری كوری خطاب
 
یه‌ك شه‌ممه‌ 29/ذوالقعدة/1436 --- 13/9/2015

كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 193660     میوان 62