ده‌ڵێن نه‌گبه‌تی خۆی باشه‌ قۆرته‌كه‌ی خراپه‌ - ارشیف


 بینراوه‌  : 60

ده‌ڵێن نه‌گبه‌تی خۆی باشه‌ قۆرته‌كه‌ی خراپه‌ 

میلله‌ت كه‌ نه‌گبه‌تی هات و كه‌وته‌ سه‌ر شان ته‌نها كاربه‌ده‌سته‌ گه‌نده‌ڵه‌كان درۆی له‌گه‌ڵ ناكه‌ن و خۆڵ ناكه‌نه‌ چاوی، بگره‌ هه‌ندێك به‌ناو مرۆڤی ده‌روون به‌زیویش هه‌لی خۆش باوه‌ڕی خه‌ڵكه‌ هه‌ناسه‌ سارده‌كه‌ ده‌قۆزنه‌وه‌ و هه‌ندێ درۆی شاخدار ده‌خه‌نه‌ ناو شار بۆ ئه‌وه‌ی خه‌و و خۆراك له‌ هاو وڵاتیان تاڵ بكه‌ن و ترس و بیم بكه‌وێته‌ دڵی ژن و مناڵ و زۆرێك له‌ پیاوه‌كانیش تا بڕۆن له‌لای ئه‌و كوڵێنانی و دین فرۆشانه‌ كڵۆیه‌ك شه‌كر و نیو كه‌وچك تۆی ڕه‌شكه‌ و چوار جه‌دوه‌لی مار و په‌یژه‌ و قومێك ئاویان پێ بفرۆشن به‌ناوی دۆعای ترس و به‌خت به‌ربوون و چی و چی یه‌وه‌؟ ئه‌وه‌تا یه‌كێ خه‌و به‌ پێغه‌مبه‌ره‌وه‌ ده‌بینێ و یه‌كێ خه‌و به‌ فڵانه‌ ئه‌ولیاوه‌ ده‌بینێ و یه‌كێ ده‌ڵێ مه‌لا فلان خه‌وی بینیوه‌ و یه‌كێ ده‌ڵێ جه‌نابی شێخ به‌خزمه‌تی شه‌یتان گه‌یشتووه‌ و یه‌كێ تر ده‌ڵێَ خدری زینه‌م بینیوه‌ و .......خۆلاسه‌ی كه‌لام خول خول خول هه‌رچی درۆ و ده‌له‌سه‌یه‌ به‌ناوی دینه‌وه‌ فڕێی ده‌ده‌نه‌ ناو ئه‌م خه‌ڵكه‌ خۆش باوه‌ڕه‌، جا ئه‌ویش ته‌كه‌ڵ ته‌كه‌ڵ ته‌له‌فون ده‌كات بۆ مه‌لاكان ئه‌رێ راسته‌ دنیا وای لێ دێ ؟ ئه‌ری راسته‌ سه‌عات بیست و پێنج بومه‌له‌رزه‌ ده‌بێت؟ به‌راستی جێگه‌ی داخه‌ ئه‌و هه‌موو ئامۆژگاری و وتاری جومعه‌ وشه‌وانی قه‌در و سه‌رقه‌بران و كۆڕی یاده‌كان و زانكۆكان كاریگه‌ریگه‌ری كه‌مه‌ تا ئه‌ندازه‌یه‌ك له‌م چه‌رخی زانست و فڕین بۆ بۆشایی ئاسمان و نه‌شته‌رگه‌ری مێشك و دڵه‌دا، بۆیه‌ من جارێكی تر داواكارم له‌ هاو وڵاتیانی خۆشه‌ویستم كه‌ له‌ وه‌زیاتر ڕێسمان به‌خوری نه‌كه‌نه‌وه‌ و تۆزێك به‌ عه‌قڵ به‌ده‌م قسه‌و باسه‌كانه‌وه‌ بڕۆن و هێنده‌ خۆش باوه‌ڕ مه‌بن، وه‌ ئایا ئێمه‌ زانایانی میحراب و مینبه‌ر كه‌ی له‌ هاو وڵاتیان دابڕاوین، تا ئه‌وان هه‌واڵی درۆینه‌ له‌ خه‌ڵكی فێڵباز و هه‌ل په‌رست وه‌ربگرن و ماڵ و مناڵیان سه‌رگه‌ردان ببن و دواتر مامۆستایانی پێش نوێژ و وتارخوێنی زیره‌ك و به‌ جورئه‌تیان بیر بكه‌وێته‌وه‌و به‌ پرسیاری بێ جێی ئه‌وان زانایان سه‌رگه‌رم بكرێن و به‌سوێن و باوه‌ڕ به‌ زانایان نه‌كه‌ن هێنده‌ درۆكان كاریگه‌ری هه‌بێت له‌سه‌ریان، بۆیه‌ ده‌ڵێم به‌ڕێزان جگه‌ له‌ زاتی خوا نه‌مه‌لائیكه‌ و نه‌پێغه‌مبه‌ران هیچ كه‌س نازانێ كه‌ی كۆتایی به‌ ژیانی سه‌ر ئه‌م هه‌ساره‌ی زه‌ویه‌ دێت، هه‌روه‌ها هیچ زانایه‌كی ئه‌و دنیایه‌ نی یه‌ سێ ده‌قیقه‌ پێش ڕوودانی بومه‌له‌رزه‌ بزانێت كه‌ بومه‌له‌رزه‌ ده‌بێت. ئیتر بیكه‌ن به‌ خاتری خوا باوه‌ڕ به‌ دز و درۆزن مه‌كه‌ن، هه‌موو ساڵێك پێمان ده‌ڵێن حاجی شێخ ئه‌حمه‌د خه‌وی بینیوه‌ له‌ مه‌دینه‌ هه‌ر كه‌س باوه‌ڕ به‌م قسه‌یه‌ بكا وا ده‌بێت و ئه‌وه‌ش باوه‌ڕ نه‌كات وای به‌سه‌ر دێت په‌نجا ساڵ زیاتره‌ ئه‌م خه‌وانه‌ ده‌بینرێن، په‌نجا ساڵ زیاتره‌ خه‌و به‌ دنیا ئاخر بوونه‌وه‌ ده‌بینن، یه‌كێ چاوی ده‌فڕێت، یه‌كێ ناو ده‌ستی ده‌خورێت، یه‌كێ كه‌وشه‌كانی سوار ده‌بێت، یه‌كێ جه‌ختی هێنا، یه‌كێ صه‌بری هێنا، یه‌كێ مریشكه‌ كه‌یان دوای عه‌صر ده‌خوێنێ، یه‌كێ بایه‌قوش له‌ گه‌ڕه‌كه‌كه‌یاندا ده‌خوێنێ، یه‌كێ تر سه‌گه‌ لوور له‌ ئاواییه‌كه‌یاندا زۆره‌ باشه‌ ئه‌ی خوا له‌ كوێ یه‌
مامۆستا طاهر بامۆكی
14/12/2017 هه‌ڵه‌بجه‌


كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 134600     میوان 47