له‌ هه‌موو خه‌سارێك عه‌قڵێك - ئه‌رشیف

2015-03-09
 بینراوه‌  : 1001

به‌فیرۆدانی ته‌مه‌ن گه‌وره‌ترین زیانه‌ مرۆڤ له‌م جیهانه‌دا توشی ببێت،جا له‌كاری بێ سوود دابێت ،یا به‌ گوێ پێ نه‌دان وكه‌مته‌ر خه‌می بێت،كاسبی عاقڵ ئه‌و كه‌سه‌یه‌ ئێواره‌ كه‌ رۆشته‌وه‌ ماڵه‌ وه‌ سه‌یری كیسه‌ و قاصه‌كه‌ی بكات بزانێ چه‌ندی په‌یدا كردوه‌وچه‌ندی قازانجه‌ و چه‌ندی زه‌ره‌ره‌،
 
مرۆڤی ژیریش به‌و كه‌سه‌ ده‌ڵێن هه‌موو رۆژێك پێش خه‌وتن جه‌ردێكی سه‌عاته‌كانی ته‌مه‌نی بكات بزانێ به‌چی به‌سه‌ری بردوون ،ئای كه‌ حه‌یفه‌ یه‌ك رۆژ له‌ته‌مه‌نت به‌ فیرۆ بروات ،وای كه‌ حه‌یف تره‌ هه‌فته‌یه‌ك له‌ ته‌مه‌نت به‌ خۆرایی دابنێیت ،كوره‌ له‌ وه‌ شوره‌یی تر ساڵێك له‌ ته‌مه‌نت بدۆرێنی هه‌رله‌جێگای خۆتا بیت ،هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێش نه‌رۆیت،پۆلێكت نه‌بریبێت،زانستێكت زیاد نه‌كردبێت ،هاوه‌ڵێكی باشت په‌یدا نه‌كردبێت ، هاوه‌ڵێكی خراپت چاك نه‌كردبێت وده‌ستت نه‌گرتبێت بیخه‌یته‌ سه‌ر رێگای راست ،له‌وه‌ش نه‌گبه‌تی تر ئه‌وه‌یه‌ وازت له‌ هاورێیه‌كی خراپ نه‌هێنابێت كه‌چه‌ند جار توشی حه‌یا چوون ونه‌هامه‌تی كردبیت ،من له‌ ژیانمدا چه‌ند ساڵێك له‌ته‌مه‌نم له‌ده‌ست ده‌رچووه‌ هه‌رگیز له‌بیرم ناچن هه‌میشه‌ خه‌فه‌تم بۆ خواردوون وئه‌و ساڵانه‌م كرد به‌ وێستگه‌ی به‌خۆدا چوونه‌وه‌ وبه‌رخۆدان ئه‌مه‌ش لیستی ساڵه‌كانه‌:-
 
1- له‌پۆلی شه‌شه‌می سه‌ره‌تاییدا له‌ زمانی ئینگلیزیدا ده‌رنه‌چووم بۆ؟ له‌به‌ر زۆری ئیش و زروف و شه‌رله‌ قوتابخانه‌ی حه‌مدونی سه‌ره‌تایی له‌ كانی عاشقان ساڵی 1969/1970 ،به‌ڵام ئه‌و كه‌وتنه‌ بوو ده‌رس تائیمرۆیش كه‌ مه‌لای مزگه‌وتم له‌ ئینگلیزیدا زیره‌كم وقسه‌یشی پێ ئه‌كه‌م به‌شی خۆم .
 
2- له‌ساڵی 1973/1974 له‌پۆلی سێ یه‌می ناوه‌ندییدا بووم له‌ قوتابخانه‌ی شاره‌زور،جێگای مه‌رزه‌بۆتۆی ئێستا حكومه‌ت بۆردومانی هه‌ڵه‌بجه‌ی كرد و شار شێوا و ئاوه‌ره‌ی ئێران و ئۆردوگا بووین،له‌ وێش خوێندمان و ده‌رچووم بۆ چواری ئاماده‌یی ،مه‌خابن رێكه‌وتنه‌ شومه‌كه‌ی جه‌زائیر و هه‌ره‌سی شۆرشی كورد وئاش به‌تاڵ ساڵێكی تری ته‌مه‌نی به‌بابردم به‌ هه‌ناسه‌ی سارد و ترس و له‌رزه‌وه‌ هاتمه‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و رۆشتین له‌ سلێمانی له‌ قوتابخانه‌ی جمهوری تاقی كردنه‌وه‌ی پۆلێ سێ یه‌می ناوه‌نیمان كرد و ده‌رچووم و هه‌ر ئه‌وساڵه‌ش رۆشتم بۆصه‌ناعه‌،به‌ڵام ئه‌وساڵه‌ كه‌وتن وئاواره‌ بوونه‌م خه‌یری ئه‌وه‌ی تیابوو
 
له‌ سه‌ربازی عه‌فوو كراین ،هه‌رچه‌ند تاغوته‌كه‌ دواتر هه‌ردوو ساڵ ئیحتیاتی پێ كردین.
 
3- له‌ ساڵی 1987 داكه‌ فه‌صڵ كرام له‌ مامۆستایی دانه‌نیشتم ده‌سته‌و ئه‌ژنۆو بگریم، كه‌ ئاواره‌ش بووین بۆ ئێران له‌وێ له‌ جیاتی ئیشێك چوار ئیشم ئه‌كرد:
 
أ‌- ده‌رس خوێندنی فه‌قێ یه‌تی له‌پاوه‌و دوریسان.
 
ب‌- ده‌رس وتنه‌وه‌ی ژن وپیاو و كورو كچا ن له‌بنده‌ره‌.
 
ت‌- نوێژی جومعه‌ و ئیمامه‌ت .
 
ث‌- دوكانداری و سیم پێچی .
 
له‌ 15/5/1987 له‌هه‌ڵه‌بجه‌ ده‌رچووین هه‌تا 1/10/1991 ئه‌كاته‌ چوار ساڵ وچوارمانگ و شانزه‌ رۆژله‌وماوه‌له‌ ته‌مه‌نمدا سوودم وه‌رگرت به‌ وه‌رگرتنی ئیجازه‌ی مه‌لایه‌تی ،ناسین وئاشنا بوون به‌ زۆرێك له‌ خه‌ڵكی كورد له‌ رۆژهه‌ڵات،
 
دوومنداڵم پێشی خۆمان خست و بوونه‌ زه‌خیره‌ی قیامه‌ت بۆ من و هاوسه‌ره‌كه‌م له‌و غه‌ریبیه‌ دا ،پاش راپه‌رین و گه‌رانه‌وه‌ش كۆڵم نه‌دا له‌ هه‌وڵدان دامه‌زرام به‌ ئیمام و خه‌تیب وكۆلێژی شه‌ریعه‌ی كوردستانم ته‌واو كرد و هه‌وڵیشم دا بۆ ماجستێر به‌ڵام به‌سه‌رچوونی ته‌مه‌ن له‌لایه‌ك وئه‌ركی ماڵ و مناڵ له‌لایه‌ك و باوك ودایكی پیرو جه‌رگ سوتاو دڵ ناسك له‌لایه‌كی ترو به‌رپرسیارێتی خزمه‌ت به‌ گه‌ل و نه‌ته‌وه‌كه‌م و دینه‌كه‌م له‌ لایه‌كی تر هه‌رچوار لایان لێ ته‌نیم  ومه‌جبور به‌م ئه‌ندازه‌ دابكه‌وم به‌ڵام به‌رده‌وام حه‌زم له‌ خوێندنه‌ ،
 
4- له‌ساڵی 1991 یشه‌وه‌ كه‌ گه‌راومه‌ته‌وه‌ كوردستان سوپاس بۆ خوا به‌ شاهیدی دوورو نزیك هه‌وڵم داوه‌ وتاربێژێكی سه‌ركه‌وتووبم ،وه‌ مزگه‌وتم ئاوه‌دان و گه‌رم وگوربێت،به‌رنامه‌ی ته‌له‌ فزوێنی و رادیۆیی راسته‌وخۆو ناراسته‌و خۆ و به‌شداری له‌ لیژنه‌كانی فه‌تواو به‌شداری لیژنه‌كانی صوڵح و ئاشتاوایی شاره‌زورو هه‌ڵه‌بجه‌ ووه‌ ئێستاش له‌ رێگه‌ی ماڵپه‌رێكی زیندوو كاراو په‌یجێكی فه‌یس بووكه‌وه‌ بابه‌ته‌كانم ئه‌گه‌یه‌نم به‌ ته‌واوی دنیا ومشته‌ری و گوێبیست و بینه‌ریان زۆره‌ سوپاس بۆ خوا ، داوای تۆفیق و به‌رده‌وامی و عاقیبه‌ت خه‌یری له‌ خوا ده‌كه‌م.  ئه‌وه‌ هه‌ندێك ده‌رده‌ دڵ و ئامۆژگاری ناراسته‌وخۆو مێژووی تاڵ وشیرینی ژیان بوو به‌ئومێدی ئه‌وه‌ی سوودی هه‌بێت بۆ خۆم و مناڵه‌كانم و خۆشه‌ویستانم .شادو سه‌ركه‌وتوو سه‌رفه‌رازبن.
 
له‌یاداوه‌رییه‌‌كانی
 
مامۆستا مه‌لا طاهربامۆكی
 
پێش نوێژو وتار خوێنی مزگه‌وتی پێشه‌وا
 
عومه‌ری كوری خطاب له‌ هه‌ڵه‌بجه‌
 
پێنج شه‌ممه‌ 3/9/ 2015--- 19/11/1436

كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 73048     میوان 16