به‌زمی كه‌ڕی كه‌ڕی یاحاڵی كردنی ناحاڵی - ئه‌رشیف

2015-09-01
 بینراوه‌  : 999

 
ده‌ردی كه‌ڕی كه‌ڕی و حاڵی كردنی ناحاڵی
 
ئه‌گه‌ر پرسیاریان لێ كردیت قورسترین ده‌رد چی یه‌؟ئه‌گه‌رپرسیاریان لێ كردیت كام ئیشه‌ زۆر سه‌خته‌؟ئه‌گه‌رداوایان لێ كردیت گه‌ڵابه‌یه‌ك بلۆك بارئه‌كه‌یت یان ناحاڵی یه‌ك حاڵی ده‌كه‌یت ؟له‌وه‌ڵامدا بڵێ دوو گه‌ڵابه‌ بلۆك بار ئه‌كه‌م دڵنیابه‌ زه‌ره‌رناكه‌یت،له‌ قورئاندا
 
جار (لایفقهون –لعلهم یفقهون—لایكادون یفقهون قولا—هاتووه‌ ،تێگه‌یاندنی ناحاڵی و گێل مرۆڤ ئه‌گێلێنێ و حۆلی ئه‌كات ،زوو مناڵ بووین باوكمان یاریش سپی و دنیادیده‌یه‌ك بانگی ئه‌كردین ئه‌یوت وه‌ره‌ برۆ بۆ ماڵی فڵانه‌ كه‌س ئه‌گه‌ر زوو بۆی ده‌ربچووینایه‌ ئه‌یان وت وه‌ره‌ مه‌به‌ به‌كابرا ، ئه‌مان پرسی كابرا كێ یه‌ ؟ له‌ وه‌ڵامدا ئه‌یان وت جارێك پێاوێك شێخ یا به‌گزاده‌ خزمه‌تكارێكی داماوی ئه‌بێت زۆر فه‌قیر حاڵ ئه‌بێت ئه‌ینێرێ بۆ شارێكی دوورو شاخاوی بۆلای دۆستێكی به‌ڵام ناپرسێ قوربان برۆم چی بكه‌م؟ چی بهێنم؟چی بڵێم؟هه‌ركه‌ ئاغاكه‌ی ئه‌ڵێ وه‌ره‌ برۆ بۆ ماڵی فڵانه‌كه‌سی ره‌فیقم له‌ شاری ...... كابرا تێی ئه‌ته‌قێنێ و رائه‌كات ،به‌ هه‌ناسه‌ بركێ خۆی ئه‌كات به‌ ماڵی كاك فڵاندا و قوربان سه‌ڵامه‌لێیك ، وه‌ڵامی سه‌لامی ئه‌داته‌وه‌و ئه‌ڵێ فه‌رموو خه‌یره‌ ئه‌وه‌ وا به‌ په‌له‌ هاتوویت؟ ئه‌ویش ئه‌ڵێ جه‌نابی شێخ فڵان ناردمی بۆ خزمه‌تت، ئێ باشه‌ فه‌رموو بۆچی ؟ كابرای داماو وتی وه‌ڵا نازانم ،ئه‌ویش زۆر فره‌زان و قه‌شمه‌ر ئه‌بێت ئه‌ڵێ ئائا خۆم ئه‌زانم بۆچی ناردویت ئه‌وه‌ بۆ بانگردێنه‌كه‌ی ناردویت ،بانگردێنێكی له‌به‌رد تاشراویان ئه‌بێت ئه‌ڵێ ئاده‌ی بیده‌ن به‌ كۆڵیدا ،كوره‌ ئاگات لێ بێت نه‌ی خه‌یت بشكێ، ئه‌م داماوی هه‌ناسه‌ سارده‌ به‌م كۆڵ و ته‌وقی له‌عنه‌ته‌وه‌به‌شاخ و ئه‌وشاخدا ، به‌دۆڵ و ئه‌و دۆڵدا ئه‌گه‌رێته‌وه‌ تا ئه‌گاته‌وه‌ لای ئاغاكه‌ی باردا ئه‌نێت و ئه‌رواته‌ حوزور و سڵاو ئه‌كات ،قوربان هاوردم ئه‌ویش ئه‌ڵێ چیت هاورد؟ ئه‌میش ئه‌ڵێ بانگردێنه‌كه‌،كابرای خوانه‌ناس ئه‌ڵێ وه‌الله‌ ئه‌وه‌نی یه‌ ئه‌بێت بیبه‌ته‌وه‌ هه‌میسان ئه‌یده‌ن به‌ كۆڵیدا و ئه‌یباته‌وه‌،جاله‌ كابرای ئاغایان پرسی بۆ ئه‌و هه‌موو زه‌حمه‌ته‌ی ئه‌و داماوه‌ت دا ؟ ئه‌ڵێ بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر له‌ خۆیه‌وه‌ نه‌روات پێش ئه‌وه‌ حاڵی ببێت بزانێت بۆچی ئه‌نێرن ،ئه‌مه‌ له‌لایه‌ك سته‌م و چه‌وساندنه‌وه‌ ده‌ر ئه‌خات له‌لایه‌كی تریش گێل و گاواری هه‌ندێ كه‌س ،به‌هه‌رحاڵ په‌ند و وانه‌ی تیایه‌ بۆ كه‌سێ كه‌ بفامێت،........ هه‌رله‌ نمونه‌ی مرۆڤی ناحاڵی ئه‌گێرنه‌وه‌ له‌ شوێنێكی ئه‌م كوردستانه‌ مرۆڤی داماوو ناحاڵی زۆری لێ ئه‌بێت ،جارێك پیاوێك ده‌مه‌ر به‌یه‌كێك له‌م بێ مێشكانه‌دا ئه‌نێرێ بۆ  ره‌فیقێكی دیاره‌ مامه‌ڵه‌ له‌نێوانیاندا ئه‌بێت ،نامه‌یه‌كیشی بۆ ئه‌نوسێ ئه‌وا به‌ فڵانه‌ كه‌سدا  ده‌مه‌ڕه‌كه‌م بۆ ناردیت، ئه‌ویش گاڵۆك هه‌ڵ ئه‌گرێت وئه‌یانداته‌ به‌ر له‌ رێگه‌ خوا نه‌یكات به‌ گوناح بۆم خۆی یه‌كێكیان قول ئه‌دات یادز ئه‌یبات یا گورگ ئه‌یخوت به‌ هه‌رحاڵ دانه‌یه‌كیان نامێنێت ،ئه‌گاته‌ ماڵه‌كه‌ ونامه‌كه‌و مه‌ره‌كان ته‌سلیم ئه‌كات به‌ كابرا  ئه‌ویش ماندو نه‌بوونی لێ ئه‌كات ورێزی لێ ئه‌گرێت و مه‌ره‌كان ئه‌ژمێرێت سه‌یر ئه‌كات نۆسه‌رن ،ئه‌ڵێ برا مه‌ره‌كان نۆسه‌رن ئه‌ڵێ به‌ڵێ نۆسه‌رن ،ئه‌ڵێ ئاخر من ده‌مه‌رم لایه‌تی و له‌ نامه‌كه‌شدا نوسراوه‌ ده‌مه‌ره‌ ، ئه‌میش ئه‌ڵێ به‌ڵێ ده‌یه‌، كابرا ئه‌ڵێ ئاخر نۆیه‌ ،هه‌رچی ئه‌كات حاڵی نابێت ئه‌روات له‌سه‌ر حه‌وزی ئاوایی قۆڵی ده‌ پیاو ئه‌گرێت و ئه‌ڵێ وه‌رن له‌ گه‌ڵم تاماڵی خۆمان ،ئه‌وانیش له‌گه‌ڵی ئه‌رۆن ،باسه‌كه‌یان بۆ ئه‌گێرێته‌وه‌، ئه‌ڵێ بێ زه‌حمه‌ت هه‌ریه‌كه‌تان ملی مه‌رێ له‌و مه‌رانه‌ بگرن ، ئه‌وانیش په‌لامار ئه‌ده‌ن یه‌كی ملی مه‌رێ ئه‌گرن ، یه‌كێكیان مه‌ری بۆنامێنێت،جا روو ئه‌كاته‌ كابرا و ئه‌ڵێ برا سه‌یربكه‌ نۆ مه‌رن ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ربوونایه‌ ئه‌م پیاوه‌ش مه‌رێكی به‌ر ئه‌كه‌وت ، كابرای ناحاڵیش ئه‌ڵێ جا ئه‌ویش پیاو بوایه و ئازا بوایه‌‌ ملی مه‌ره‌كه‌ی خۆی بگرتایه‌، ئیتر كابرای خاوه‌نی مه‌ره‌كان كۆڵ ئه‌دا و ئه‌زانێ ئاسنی سارد كوتینه‌، منیش له‌م بازاری فرو فێڵ و سیاسه‌ت ونوێنه‌رو نماینده‌ وبه‌زم و بالۆره‌دا وای بۆ ئه‌چم  قسه‌ بۆ بێ مێشك كردن و حاڵی كردنی ناحاڵی وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ بته‌وێ به‌ تاید وفاست خه‌ڵوز سپی بكه‌یته‌وه‌، جا هه‌رچه‌ند خۆت ماندو بكه‌یت هیچت ده‌ست ناكه‌وێت و به‌ ده‌سته‌وه‌ نامێنێت وخه‌ڵوزه‌كه‌ش تابێت بریقه‌ی ره‌شی یه‌كه‌ی زۆرترو جوانتر ئه‌بێت ،وای له‌ خه‌ڵكی ناحاڵی !! وای له‌ باوكی ناحاڵی !! وای  له‌ ژنی ناحاڵی !! وای له‌ كاربه‌ده‌ستی ناحاڵی !! وای له‌ مشته‌ری ناحاڵی !! وای له‌ فرۆشیاری ناحاڵی !! وای له‌ حاڵی دوو ناحاڵی كه‌بكه‌ونه‌ یه‌ك !!وای له‌ حاڵی میله‌تێك  ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تی و ماڵ وێرانی و ئه‌نفال و كیمیا باران وئاواره‌یی و ده‌ربه‌ده‌ری و شه‌ری براكوژی وگرانی وقات و قڕی وسه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی به‌سه‌ر هاتبێت وئه‌وهه‌موودوژمنه‌ خوێنه‌ خۆره‌ ده‌وری داوین وئه‌و هه‌موو گورگی له‌ پێستی مه‌ره‌دا دێن وخۆیان به‌ ده‌مراست و كوێخا له‌ قه‌ڵه‌ ئه‌ده‌ن و شینی هه‌ریسه‌ی نه‌وته‌كه‌ش ئه‌كه‌ن ،كه‌چی ئه‌م گه‌له‌ داماوه‌ هه‌ناسه‌ سارده‌ كه‌سداره‌ بێ كه‌سه‌ وه‌ك دوژمنی باوك كوشته‌ نیوه‌ی تێغ له‌ یه‌كتر ئه‌سوێت و به‌بیانووه‌ له‌یه‌كتر حاڵی كردنی كه‌سێك كه‌س نه‌بێت و دۆستێك دۆست نه‌بێت ودراوسێ یه‌ك كه‌ بۆكه‌رێ بگه‌رێ تۆپی بێت ناڵه‌كه‌ی ده‌ربهێنێ،له‌م جه‌نجاڵی باوكه‌ رۆیه‌دا،سیاسی یه‌كانمان ،به‌رپرسه‌كانمان ،شۆرشگێره‌كانمان له‌جیاتی یه‌كخستنی ناوماڵ وده‌ست هێنان به‌سه‌ر مناڵه‌ هه‌تیو كه‌وتووه‌كاندا و لاواندنه‌وه‌ی ئه‌وهه‌موو لاوه‌ سه‌ری خۆی هه‌ڵ ئه‌گرێت ورێگه‌ی مان و نه‌مان ئه‌گرێته‌ به‌ر،هه‌ی هوووو ئاله‌م ده‌مه‌دا ئاغایان خه‌می كۆمپانیا و پشكه‌ نه‌وت وسه‌رچۆپی وچوونه‌ سه‌ر مانگ و جه‌زیره‌ كرین وده‌یان به‌زمی ترن ،زوو ئه‌یان وت ماڵی خۆت قایم بكه‌ و دراوسێ به‌دز مه‌زانه‌ ،كاربه‌ده‌ستان و حیزبه‌كانی هه‌رێم هه‌رچی به‌زمه‌ به‌ یه‌كتری ئه‌كه‌ن و ئه‌سراری ناو ماڵ ئه‌به‌نه‌ ده‌رو دوایش گله‌یی ئه‌كرێت وڵاتان ده‌ست ئه‌خه‌نه‌ ناو وڵاتمان ،پێغه‌مبه‌ر صلی الله‌ علیه‌ وسلم ئه‌فه‌رموێ(من یرید الله‌ به‌ خیرا یفقه فی الدین) میله‌تی ئێمه‌و كاربه‌ده‌ستانی ئێمه‌ نه‌ فقهی دین و نه‌فقهی دنیایان ناوێت و پێ نه‌دراوه‌،له‌خوا داواكارم حاڵیمان بكات ودڵه‌ ره‌قه‌كان نه‌رم بكات وجنۆكه‌ و دێوو درنجمان له‌ناوا نه‌هێڵێ وفێری گه‌وره‌یی ولێبوردن و پیاوه‌تیمان بكات ،له‌خواداواكارم نه‌مانكات به‌ هۆكاری سه‌رلێشوانی ئه‌م وڵات و میله‌ته‌ .
 
مامۆستا مه‌لا طاهربامۆكی  ---                              1/9/2015 --- 17-ذوالقعدة-1436

كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 33260     میوان 21