بژی شوعی !!!!!!! بژی خوا - ئه‌رشیف

2015-08-24
 بینراوه‌  : 356

بژی شوعی !!!!!!! بژی خوا
ئه‌م بارودۆخه‌ی گه‌لی كوردبه‌گشتی و هه‌رێمی كوردستانی به‌تایبه‌تی پیا تێپه‌ر ده‌بێت،ئه‌م بێ مووچه‌ وبێ كاری یه‌،ئه‌م ده‌ردو دازۆره‌،ئه‌م قه‌یرانی كاره‌باو به‌نزین و وه‌ستانی بازاره‌،ئه‌م هه‌موو چڵێسه‌ له‌ ده‌ورو به‌رو جیهانه‌وه‌ سه‌ریان كردوه‌ته‌ باشووری كوردستان
 
،ئه‌م بێ زه‌وقی و كه‌مته‌رخه‌می یه‌ی به‌رپرسه‌ موچه‌ زله‌كان وسه‌رمایه‌داره‌ حیزبی یه‌ كوردستان دۆشه‌كان،ئه‌م راكردنه‌ی گه‌نجه‌كان و سه‌ری خۆ هه‌ڵگرتنه‌یان،ئه‌م شه‌ڕه‌ جنێوو چه‌له‌حانێ بێ خێرو بێره‌ی كه‌ناڵه‌ حیزبی یه‌ های لایفه‌كان وشه‌ری داعش وبۆمبا بارانی توركیاو ئێران بۆ هه‌رێمی كوردستان شتێكی سه‌یرو سه‌مه‌ره‌ی بیرخستمه‌وه‌ ،له‌وانه‌یه‌ زۆر كه‌س سه‌ری سوڕبمێنێ له‌ ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌م (بژی حیزبی شوعی..........بژی خوا بژی خوا )فه‌رموون ئێوه‌و رووداوه‌كه‌ وه‌ك خۆی :له‌ساڵی 1991 و پاش راپه‌رین و ئازادی كوردستان له‌ناكاو وتیان ئه‌رێ وه‌الله‌ صه‌دام هات كاكه‌ كه‌س فریای كه‌وش و كڵاشی خۆی نه‌ئه‌كه‌وت له‌راكردن وچۆڵكردنی شارو به‌ره‌و مه‌رزه‌كان راكردن ،دووبرای به‌رێزم  له‌پاش چوارساڵ ئاواره‌یی له‌ ئۆردوگای سه‌ریاس و پاوه‌ و خانه‌گا و بنده‌ره‌ له‌راپه‌رینه‌كه‌دا هاتبوونه‌وه‌ بۆ شاری هه‌ڵه‌بجه‌، له‌و سه‌رو به‌نده‌دا ئه‌وده‌نگ و باسی هێرش كردنه‌وه‌ی سوپای رژێمی به‌عس و صدامه‌ بڵاو بووبوویه‌وه‌ ئیتر هه‌ركه‌س ئازابوو رایكردبوو، ئه‌م دوو دۆست و خۆشه‌ویسته‌ی منیش دووئاواره‌بوون ئه‌وانیش وه‌ك خه‌ڵك له‌ رێگه‌ی عه‌نه‌به‌وه‌ به‌ره‌و خرپانی وته‌وێڵه‌ كه‌وتبوونه‌ رێ ،برسی و ماندو ترساو یه‌كی كۆڵێكیشیان پێ بوو له‌ودیو عه‌نه‌به‌وه‌ سه‌یاره‌یه‌كی سیمرخی پیكابی براده‌رانی حیزبی شوعی له‌ هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ هاتبوو بۆ مه‌رزه‌كه‌ وه‌ستابوو ئه‌م دوو پیاوه‌ی سوار كردبوو، دیاره‌ هه‌ردووكیان ئیسلامی بوون سه‌ركه‌وتبوون ماوه‌یه‌ك رۆشتبوون سایقه‌كه‌ سه‌یر ئه‌كات وا پیاوێكی پیری داماو به‌ كۆڵێكه‌وه‌ ته‌كه‌ی دێت وماندوه‌ و ده‌ستی راگرتووه‌ له‌ سه‌یاره‌كه‌ سواری بكات، ئه‌وه‌ستێ و سواری ئه‌كات ،كابرای پیره‌ش زۆر دۆعای خه‌یرو مه‌منونیه‌ت ده‌ر ئه‌برێت ،سائیقه‌كه‌ سه‌ر ده‌ر ئه‌هێنێ و لا ئه‌كاته‌وه‌ بۆلای پیاوه‌ پیره‌كه‌ كه‌له‌ پشتی سه‌ری سایقه‌كه‌وه‌ سواربووبوو ،ئه‌ڵێ : خاڵه‌ خاڵه‌ ئه‌م سه‌یاره‌ هی حیزبی شوعی یه‌،پیاوه‌پیره‌ ماندوه‌كه‌ش ئه‌ڵێ بژی شوعی بژی شوعی،ماوه‌یه‌ك ئه‌رۆن دووبراده‌ره‌كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ تۆزێك ئه‌یان گرێت ئه‌م پیاوه‌ ئه‌ڵێ بژی شوعی ،ئه‌وانیش ئه‌ڵێن خاڵۆگیان ئه‌م سه‌یاره‌ خوا ناردی و خوا موسه‌خه‌ری كردوه‌ بۆ تۆو بۆ ئێمه‌ش، كابرای پیری برسی ماندویش تاقه‌تی ئه‌م شه‌ڕی ئایدۆلۆجیایه‌ نی یه‌ له‌م كاته‌دا،دێته‌ جواب و ئه‌ڵێ : بژی خوا بژی خوا ،ئیتر براده‌ره‌كان بێ ده‌نگ ئه‌بن و سه‌فه‌ر به‌خه‌یر ئه‌گوزه‌رێ و ئه‌گه‌نه‌ مه‌نزڵ.........
 
 
 
په‌ند و حیكمه‌ت له‌ به‌سه‌ر هاته‌:-
 
یه‌كه‌م/ گه‌لی كورد ئه‌مرۆ رێك و پێك وه‌ك ئه‌وپیاوه‌ داماوه‌ی به‌سه‌رهاتوه‌،كه‌ سێ ده‌رد یه‌خه‌ی گرتووه
 
‌ أ-ترسی هاتنه‌وه‌ی دوژمنی خوێن رێژ. ب-برسێتی وتینوێتی.  ج- ماندوێتی وپیری .
 
دووهه‌م/  ئاله‌م كاته‌دا خه‌یرێك هاتوه‌ته‌ رێگای كاكی سایق ئه‌یه‌وێت ده‌عوه‌بۆ حیزبه‌كه‌ی بكات بۆیه‌ ئه‌ڵێ خاڵه‌ سه‌یاره‌ی حیزبی شوعی یه‌ كابرایش له‌ناعیلاجیدا ئه‌ڵێ بژی شوعی .
 
سێ یه‌م/ دووبراده‌ره‌ ئیسلامی یه‌ ئاواره‌برسی یه‌كه‌ش كه‌ هه‌مان ده‌رده‌كانی پیاوه‌كه‌ یان هه‌یه‌ ئه‌یانه‌وێت له‌م هه‌ل و مه‌رجه‌شدا بانگه‌وازی خۆیان بكه‌ن وئه‌م خه‌یره‌ بگێرنه‌وه‌ بۆلای خوا و براده‌رانی شوعی لێ مه‌حروم بكه‌ن.
 
چواره‌م/ كابرایش پێگیراوه‌ و خواخوایه‌تی كه‌سێك له‌م قه‌یرانه‌ رزگاری بكات ئیتر هه‌ركه‌س هه‌یه‌ ئه‌م كاڵه‌ك خۆره‌ بێستان ڕن نی یه‌ ،بۆیه‌ ته‌ڕده‌ست وه‌ڵامی ئه‌وانیش ئه‌داته‌وه‌ ئه‌ڵێ بژی خوا بژی خوا.
 
پێنجه‌م/جابه‌راستی ئه‌مرۆئێمه‌ی هاو وڵاتی ژیان وئاسایش وتێریمان ئه‌وێت ئیترهه‌ركه‌س دابینی ئه‌كات كه‌یفی خۆیه‌تی.
 
شه‌شه‌م/شه‌ری ئه‌م حیزبانه‌ وكۆبوونه‌وه‌كانیان وهه‌رایان رێك وه‌ك ناكۆكی نێوان سایقی سه‌یاره‌كه‌ی حیزبی شوعی و دووبراده‌ره‌ رێبواره‌ ئیسلامیه‌ كه‌یه‌ له‌گه‌ڵ كابرای هه‌ناسه‌ سارد.
 
له‌ كۆتاییدائه‌ڵێم خۆزگه‌ گه‌ل ئه‌وه‌نده‌ی ئه‌و پیاوه‌ ژیرو حه‌كیم بوایه‌ تاقه‌یرانه‌كان ته‌واو ئه‌بوون جابه‌شێنه‌یی ئه‌و كێشمه‌ كێشه‌ چاره‌سه‌ر بكرایه‌،هیوادارم ئه‌وه‌ی له‌پێشه‌وه‌ خراپ سه‌یری ناونیشانی بابه‌ته‌كه‌ی كردووه‌ پاش خوێندنه‌وه‌ هه‌قم پێ بدات
 
مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی
 
مزگه‌وتی پێشه وا عومه‌ری كوری خطاب له‌ هه‌ڵه‌بجه‌
 
ذوالقعدة/1436 10 ی
 24/8/2015
 

كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 203681     میوان 55