دنیا له‌ چیرۆكێكدا - ئه‌رشیف

2018-01-09
 بینراوه‌  : 379

دنیا له‌ چیرۆكێكدا
 
چیرۆكێكی خۆش له‌سه ر‌دنیاو پێ نه‌گه‌یشتن وبه‌داخه‌وه‌ سه‌رنانه‌وه‌ی ئه‌وانه‌ی كه‌ ئه‌یكه‌ن به‌ ئامانج: له‌ وتاری ئه‌م جومعه‌دا (18-9-2015) باسی ئه‌وه‌م كرد مرۆڤی عاقڵ به‌چی دڵی خۆشه‌ له‌م دنیایه‌دا ،خوا ئه‌فه‌رموێ(قل بفضل الله‌ وبرحمته‌ فبذلك‌ فليفرحوا هو خير مما يجمعون) واته‌
 
به‌ خه‌ڵات و به‌خششی خواو به‌ سۆزو میهره‌بانی دڵخۆش بكه‌ن ئه‌وه‌ باشتره‌ له‌وه‌ی ئێوه‌ كۆی ئه‌كه‌نه‌وه‌ ,خوا دنياي دروست كردوه‌ تامرۆڤ به‌ختی خۆی تیا تاقی بكاته‌وه‌ وخزمه‌تێك به‌ مرۆڤایه‌تی بكات وخوای خاوه‌نی میوانخانه‌كه‌ رازی بكات،به‌ڵام زۆربه‌ی زۆری خه‌ڵك وائه‌زانن بۆئێره‌ دروستكراون وئه‌م ژینه‌ ئامانجی كۆتایی مرۆڤه‌كانه ،قیامه‌ت و زیندو بوونه‌وه‌ له‌بیر ده‌كه‌ن كه‌ خوا صه‌دو بیست و چوار هه‌زار پێغه‌مبه‌ری ناردوه‌ تا پێمان بڵێن ئاده‌میزاده‌كان ئێره‌ راگوزه‌رو كاروان سه‌رایه‌ ،به‌ نانی حه‌ڵاڵ و به‌ كاسپی حه‌ڵاڵ وپیاوه‌تی و عیباده‌تی دروست خوا له‌ خۆتان رازی بكه‌ن و دڵی خه‌ڵكیش خۆش بكه‌ن،به‌ڵام هه‌ندێكی زۆر زۆری مه‌ردم باوه‌ش ئه‌كه‌ن به‌ دنیادا و بۆشیان هه‌ڵناگیرێت ،رائه‌كه‌ن به‌ دوای دنیادا و بۆیان ناگیرێت ،هه‌رچی شه‌هامه‌ت و پیاوه‌تی وبه‌های باڵاهه‌یه‌ له‌ده‌ستی ئه‌ده‌ن وئه‌یدۆرێنن و ئاخرییه‌كشی له‌ده‌ستیان ده‌ر ئه‌چێ یا دنیاكه‌ له‌وان ئه‌سێننه‌وه‌ به‌ زه‌ره‌رو زیان و سوتان و قرانی ماڵ و موڵكیان،یا ئه‌وان له‌ دنیا ئه‌سێننه‌وه‌ به‌ مردنیان و به‌جێ هێشتنی ماڵه‌ كه‌ ،حساب و كیتاب و تێ هه‌ڵ دانه‌كه‌ش له‌سه‌رئه‌وانه‌ وكه‌چی چه‌كمه‌ بۆرێكی تر ماڵ و سامانه‌كه‌یان ئه‌خوات ،‌ فه‌رموون ئێوه‌و حیكایه‌ته‌كه‌:- ئه‌گێرنه‌وه‌ رۆژێك كورێكی گه‌نجی جوان له‌ بازار ئه‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌ وبه‌ دڵێكی خۆش و روویه‌كی گه‌شه‌وه‌ خۆی ئه‌كاته‌وه‌ به‌ ماڵدا و سڵاو و مه‌رحه‌بایه‌كی گه‌رمی باوك و دایكی ئه‌كات و پاشان ئه‌ڵێ باوكه‌ ئیشێكم پێته‌،باوكیشی ئه‌ڵێ كوره‌ ژیره‌كه‌م فه‌رموو ،كوره‌كه‌ش ئه‌ڵێ باوكه‌ ئه‌مه‌وێت ژن بهێنم،باوكه‌كه‌ش ئه‌ڵێ رۆڵه‌ خه‌یره‌ واله‌پر گۆراویت چه‌ند وه‌خته‌ من و دایكت هه‌ڵت ئه‌پێچین ژن بهێنی وه‌ڵامت نه‌ئه‌داینه‌وه‌ خێره‌ وا له‌پرێك هاتیته‌ سه‌ر ئه‌م بریاره‌؟كوره‌كه‌ش ئه‌ڵێ ئه‌مرۆ كچێكی زۆر جوانم بینی عه‌ڵ و هۆشی بردووم ئه‌مه‌وێت بیهێنم و زه‌ماوه‌ن بكه‌م باوكه‌ گیان، باوكی ئه‌ڵێ زۆرباشه‌ كورم ئه‌وه‌ گه‌وره‌ترین ئاواتی من و دایكته‌ ،ئاده‌ی بزان كچی كێ یه‌ و له‌ كوێ یه‌ بابیبینم بزانم باشه‌ و شیاوی تۆیه‌ ؟ كوره‌كه‌ ده‌ستی باوكی ئه‌گرێت و ئه‌یبات بۆ بینینی كچه‌كه‌،كاتێك باوكی كچه‌كه‌ ئه‌بینێ ئاگای له‌خۆی نامێنێ وئه‌رواته‌ جیهانی ئه‌ندێشه‌و خه‌یاڵ و له‌ چاو تروكاندنێكدا ئه‌بێت به‌ عاشق وشه‌یدای كچه‌ جوانه‌كه‌ ئه‌بێت و ئه‌ڵێ رۆڵه‌ ئه‌و كچه‌ بۆ تۆ ناشێ ئه‌وه‌ بۆ پیاوێكی خاوه‌ن ئه‌زموونی وه‌ك باوكت باشه‌ ،هه‌رباسیشی نه‌كه‌یت ،ئه‌بێت شو بكات به‌ من ،كوره‌ كه‌ ش ئه‌حه‌په‌سێ و ئه‌ڵێ باوكه‌ تۆ چی ده‌ڵێێت شتی وانابێت خۆم دۆزیومه‌ته‌وه‌ ، ئه‌بێته‌ سمڕ سمڕ و كێشمه‌ كێشیان ناچار ئه‌رۆن بۆ لای پۆلیس و ئه‌چنه‌ خزمه‌تی به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی شاره‌كه‌ و كوره‌كه‌ باسه‌كه‌ بۆ به‌رێوه‌ به‌ری پۆلیس ئه‌گێرێته‌وه‌و شكات ئه‌كات له‌ باوكی،ئه‌ڵێ من پرسێكم پێ كرد كه‌چی ئه‌و ته‌ماعی كردوه‌ته‌ خۆشه‌ویسته‌كه‌م ،به‌رێوه‌به‌ری پۆلیسیش ئه‌ڵێ ئایا وایه‌ كوره‌كه‌ت راست ئه‌كات ؟پیاوه‌كه‌ش ئه‌ڵێ به‌ڵێ قوربان راست ئه‌كات به‌ڵام من وتم ئه‌و كچه‌ بۆ ئه‌و ناشێت بۆ پیاوێكی وه‌ك منی خاوه‌ن ئه‌زموون باشه‌ تا كچه‌كه‌ پشتی پێ ببه‌ستێ وژیانی خۆش بكات ،به‌رێوه‌به‌ری پۆلیس ئه‌ڵێ ئاسانه‌ با من كچه‌كه‌ ببینم پرسی پێ بكه‌م بزانم كامتانی به‌ دڵه‌؟ به‌یه‌كه‌وه‌ ئه‌رۆن و سه‌یری كچه‌كه‌ ئه‌كات و له‌گه‌ڵ بینینی جه‌نابی پۆلیس ئاگری تێ به‌ر ئه‌بێت وئاگای له‌ خۆی نامێنێ و ئه‌ڵێت نه‌خێر ئه‌و كچه‌ بۆ هیچ كامتان ناشێت ، ئه‌وه‌ بۆ پیاوێكی وه‌ك من باشه‌ ئاگاداری بێت بۆبه‌رێوه‌به‌ری پۆلیسی شاره‌كه‌تان باشه‌ ،ئه‌مجاره‌ هه‌رسێكیان ئه‌بێته‌ هه‌ڵاو هوریایان ئه‌م ئه‌ڵێ بۆمن باشه‌ و ئه‌ویان ئه‌ڵێ بۆمن باشه‌ ،ناچار رێ ئه‌كه‌ون كه‌ برۆن بۆلای وه‌زیر به‌ڵكو رێكیان بخات و له‌م گۆڵمه‌زه‌ رزگاریان بكات ،ئه‌رۆنه‌ دیوانی وه‌زیرو سڵاوی عه‌رز ئه‌كه‌ن وهه‌ریه‌كه‌یان به‌ دڵی خۆی باسه‌كه ی بۆ ئه‌گێرێته‌وه‌و تكای لێ ئه‌كات با بۆ ئه‌و بێت وه‌زیریش هه‌وڵ ئه‌دا رێكیان بخات به‌ڵام ناتوانێت بۆیه‌ ئه‌ڵێ بابرۆین كچه‌كه‌ ببینم بزانم خۆی چی ئه‌ڵێت و كێی به‌ دڵه‌ ئه‌رۆن كاتێك جه‌نابی كچه‌ ئه‌بینێ و چاوێك ئه‌گێرێت به‌ قه‌دوباڵای شۆخه‌ كچه‌كه‌دا به‌نج ئه‌بێت وله‌ ده‌ریای خه‌یاڵی جوانی كچه‌كه‌دا نوقم ئه‌بێت و له‌پر دێته‌وه‌ سه‌رخۆی و ئه‌ڵێ چاك حاڵی بووم له‌ قسه‌كانتان ، به‌ڵام ئه‌و كچه‌ لایقی هیچ یه‌كێ له‌ ئێوه ‌نی یه‌ و شیاوی وه‌زیری ده‌رباری شاهه‌نشاهی یه‌ نه‌خه‌ڵه‌ تابن ناوی بهێنن و باسیشی بكه‌ن ، ئه‌مانیش به‌ ئاسانی كۆڵ ناده‌ن ، بریار ئه‌ده‌ن برۆنه‌ خزمه‌تی پاشای وڵات بۆ ئه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری ئه‌م كێشه‌ و گرفته‌یان بۆ بكات وببڕێته‌وه‌ ، به‌ڵێ به‌ چوار قۆڵی ئه‌رۆن بۆ كۆشكی پاشاو گه‌وره‌ی وڵات وده‌رگاوانه‌كان كه‌ وه‌زیرو مودیرئه‌بینن مۆڵه‌تیان بۆ وه‌ر ئه‌گرن وئه‌رۆنه‌ ژووره‌وه‌ و پاش عه‌رزی سڵاووئیحترام له‌ حوزوری گه‌وره‌ی مه‌مله‌كه‌تدا باسه‌كه‌ دا ئه‌مه‌زرێنن هه‌رله‌ كوره‌كه‌ و باوكی و پۆلیس و وه‌زیره‌وه‌ هه‌ر یه‌كه شكاتی خۆی ده‌كات و داوا ده‌كات بۆ ئه‌وبێت ،پاشای وڵاتیش له‌ پاش پرسیارو وه‌ڵام ئه‌فه‌رموێ ئاسانه‌ با برۆین كچه‌كه‌ ببینین كه‌ بووه‌ به‌ واحیده‌ی كاكێش و زه‌رقای یه‌مامه‌ لێتان به‌ڵكو چاره‌سه‌ری بكه‌ین،كه‌ پاشا كچه‌كه‌ ئه‌بینێ ئه‌رواته‌ ئۆقیانوسی خه‌یاڵ وخۆی زۆر به‌ به‌ش خوراودێته‌ به‌رچاوله‌ دڵی خۆیدا ئه‌ڵێ من چۆن ئه‌م كچه‌ جوانه‌م نه‌بینیوه‌ تابیكه‌م به‌ خانمی گه‌وره‌ی وڵات و شاژنی ئه‌م سه‌رزه‌مینه‌ ؟غیره‌ت ئه‌داته‌ به‌رخۆی و بریار ئه‌دات به‌وه‌ چاره‌سه‌ری بكات بۆخۆی بێت وپێیان ئه‌ڵێت ئه‌و ئافره‌ته‌ ته‌نهاو ته‌نها بۆ هاوسه‌ری پاشا باشه‌ و ئه‌بێت ببێت به‌ شاژن نه‌كه‌ن باسی بكه‌ن و ناوی بهێنن ،خراپتان به‌سه‌ردا ئه‌هێنم ببیسم باسی بكه‌ن یه‌ڵا برۆنه‌ ده‌ره‌وه‌،خانمیش كه‌ گوێی له‌ بریاری پاشای ته‌ڕ پیره‌ و سه‌یری ره‌نگی زه‌ردی هه‌ڵگه‌راوی ئه‌وانیش ئه‌كات ،ئه‌ڵێ مادام نه‌گه‌یشتنه‌ چاره‌سه‌ری گونجاوورێك نه‌كه‌وتن خۆم حه‌لێكی گونجاوم دۆزیوه‌ته‌وه، هه‌موو ئه‌ڵێن فه‌رموو چی یه‌ به‌رنامه‌كه‌ت ؟ كچه‌كه‌ش ئه‌ڵێ من را ئه‌كه‌م و ئێوه‌ش به‌ شوێنما رابكه‌ن هه‌ركامتان توانی من بگرێت بۆ ئه‌و كه‌سه‌ ئه‌بم ،هه‌موو رازی ئه‌بن و كچه‌ ده‌ست ئه‌كات به‌ راكردن وئه‌وانیش به‌ شوێنیا را ئه‌كه‌ن ماوه‌یه‌ك ئه‌رۆن و له‌پڕ هه‌موو ئه‌كه‌ونه‌ ناو چاڵێكی قوڵ و باوكه‌ رۆیان لێ به‌رز ئه‌بێته‌وه‌ ،ده‌ست شكاو قاچ شكاوو مل شكاووسه‌رشكاوپشت شكاو ده‌ست ئه‌كه‌ن به‌ باوكه‌ رۆو هاوار كچه‌كه‌ش دێته‌ دواوه‌و له‌سه‌ره‌وه‌ له‌ قه‌راغی چاڵه‌كه‌دا سه‌یریان ئه‌كات به‌ لاقرتی یه‌وه‌ پێیان ئه‌ڵێ  ئایا ئێوه‌ من ناناسن ؟ وا كردتان به‌ هه‌را له‌سه‌ر من ! من دنیام دنیا هه‌زارانی وه‌ك ئێوه‌م هه‌ڵدێراوه‌و به‌ هه‌ناسه‌ ساردی و حه‌یاچوونه‌وه‌ سه‌رم پێناونه‌ته‌وه‌ منیشیان له‌ ده‌ست چووه‌ و خوایشیان له‌ خۆیان ره‌نجاندوه‌،به‌ڵام باش بزانن كه‌سانێك هه‌ن له‌م ژیانه‌دا به‌رۆژوو به‌ شه‌و به‌ هه‌رچی ئارایش و نازو نوكمه‌وه‌ هه‌یه‌ خه‌ریكم هه‌وڵیان له‌ گه‌ڵ ئه‌ده‌م فریویان بده‌م به‌ڵام ئه‌وان منیان كردوه‌ به‌ ئه‌سپێكی تیژ ره‌و سوارم بوون و غارم ئه‌ده‌ن بۆ پیاوه‌تی و جوامێری و ره‌زامه‌ندی خوا و مسۆگه‌ر كردنی ژیانی نه‌براوه‌ی قیامه‌ت ،هه‌رچه‌نده‌ به‌ژماره‌ كه‌من، به‌ڵام گره‌وه‌كه‌یان بردوه‌ته‌وه‌ وخوایش رازییه‌ لێیان و خۆیشیان به‌خته‌وه‌رن و خه‌ڵكیش خۆشی ئه‌وێن ومنیش له‌ پاش ئه‌وه‌ی بۆم ده‌ركه‌وت چاریان ناكه‌م ،هه‌موو چێژوو خۆشی یه‌كانی خۆم بۆ دابین كردن به‌ بێ ماندو بوون و حه‌یا چوون ، ئیتر ئه‌وه‌ منم به‌ دوای ئه‌وانا را ئه‌كه‌م و ئه‌مه‌وێت بیانگرم به‌ڵام پێیان ناگه‌م ، ئه‌و جۆره‌ كه‌سانه‌ بریاریان داوه‌ بۆ خوا بژین و خزمه‌تی مرۆڤایه‌تی بكه‌ن وژیانی دنیایان كردوه‌ به‌ كێڵگه‌و كشتگه‌ی قیامه‌ت، له‌ دنیا ئه‌وه‌نده‌یان ئه‌وێت پێی بگه‌نه‌ مه‌نزڵ .
 
مامۆستا مه‌لا طاهربامۆكی
 
پێش نوێژو وتار خوێنی مزگه‌وتی پێشه‌وا
 
عومه‌ری كوری خطاب له‌ هه‌ڵه‌بجه‌
 
دووشه‌ممه‌(7-12-1436 ...21-9-2015       ‌‌  ‌

كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 167024     میوان 45