ژییری شێتان و شێتی ژییران---مامۆستا خاڵ

2015-09-20
 بینراوه‌  : 239

 
ژیری شێتان و شێتی ژیران
 
مه‌ردوم ئه‌گه‌ر به‌ چاوێكی ورد بوونه‌وه‌ ته‌ماشا بكات،ئه‌بینێ كه‌ زۆر له‌ شێته‌كان ژییرو زۆر له‌ ژییره‌كان شێتن.
 
1- شێتێك بوو له‌ سلێمانی شه‌ پقه‌‌ی له‌سه‌ر ئه‌كرد،رۆژێك ژییرێك پێی ووت:تۆ-كه‌موسڵمانیت- چۆن شه‌پقه‌ی گاوری له‌سه‌ر ئه‌كه‌یت؟ نازانیت به‌م شه‌پقه‌یه‌ بێ بروا((كافر)) ئه‌بیت،شێته‌كه‌ش ووتی
 
:منێكی خوێنده‌واری جیهان دیده‌ی موسڵمانی خاوه‌ن بیرو باوه‌ر،بۆچ نه‌توانم به‌ نوێژێك شه‌پقه‌كه‌م موسڵمان بكه‌م ،ئه‌و پارچه‌ په‌رۆیه‌ بۆچ بتوانێ من بێ بروابكات؟!!!
 
2-ژییرێكی تر هه‌ر له‌شاری سلێمانی له‌ شێتێكی چاو خێل ئه‌پرسێ ئه‌ڵێ توخوا فیساره‌كه‌س ئه‌وه‌ راسته‌ ئه‌ڵێن :خێل یه‌ك به‌ دوو ئه‌بینێ؟! شێته‌كه‌ش كوتوپر ئه‌ڵێ: به‌ڵێ راسته‌،چونكه‌ من هه‌رچه‌ند تۆ ئه‌بینم ،به‌ چوارپێ ئه‌تبینم .
 
3-شێتێكی تر بوو هه‌ر له‌ سلێمانی خاوه‌نی كۆشێك خێزان وماڵ ومناڵ بوو،ئینجا ئه‌گه‌ر رۆژێك نه‌بوونی زۆری بۆ بهێنایه‌، وه‌داوای شتێكی له‌ ده‌وڵه‌ه‌ندێك بكردیه‌،وه‌ ئه‌ویش هیچی نه‌دایه‌تێ، هه‌ر له‌به‌رده‌می دوكانی ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌د دا ئه‌نیشت تا هه‌ژارێك تێ ئه‌په‌ری به‌به‌رده‌می،ئینجا بۆ ئه‌وه‌ی پلارێك بگرێته‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌كه‌،وه‌جنێوێكی پێ بگه‌یه‌نێ،خۆی چی پێ بوایه‌ له‌ پاره‌ ئه‌یدا به‌و سواڵكه‌ره‌ی كه‌له‌و ساته‌دا تێ ئه‌په‌ری له‌ وێوه‌.
 
4-هه‌ر ئه‌م شێته‌ جارێك پێی ئه‌ڵێن: تۆبۆ ناچیته‌ لای فیسار به‌گ تا هێندێ گه‌نم و جۆت بداتێ، ئه‌میش ئه‌ڵێ :من بۆلای كێ بچم؟ ئه‌و تانجی یه‌كانی خۆی كه‌ راویان پێ ئه‌كات و گۆشتیان پێ په‌یدا ئه‌كات له‌برسانا سه‌ر به‌ته‌نووری گه‌رمی نانه‌واكانا ئه‌كه‌ن و كولێره‌ ئه‌فرێنن،ئێستا به‌گ هیچ ناكات گه‌نم و جۆ به‌ من ئه‌دات،ئه‌م به‌گه‌ی ئێوه‌ ئه‌ڵێن ،ئه‌گه‌ر وه‌ختی خۆی كوێخای به‌هه‌شت بووایه‌،بۆچ ئاده‌می باپیری سی و دوو دانه‌ی ده‌ربهاتایه‌، ئه‌یهێشت مێڵاكی ئه‌وده‌نكه‌ گه‌نمه‌ی بكردایه‌ كه‌ خواردی و له‌سه‌ری ده‌ركرا؟!
 
5-مێژوو بۆمان ئه‌گێڕێته‌وه‌،كه‌ رۆژێ هاروونه‌ ره‌شید له‌ قه‌راخ شاری به‌غدا به‌ دوو شێت ئه‌گات ،یه‌كێكیان باڵوڵ و ئه‌ویتریان شێتێكی هاورێی باڵووڵ ئه‌بێ،هاروونه‌ ره‌شید به‌ باڵووڵ ئه‌ڵێ: تۆ بۆچی ناونراویت باڵووڵ؟ ئه‌میش ئه‌ڵێ: ئه‌ی تۆ بۆ ناونراویت به‌ هاروون؟له‌مه‌ هاروونه‌ ره‌شید تووره‌ ئه‌بێ، ده‌ست ئه‌كات به‌ جنێودان به‌ باڵووڵ، باڵووڵ روو ئه‌كاته‌ هاورێكه‌ی خۆی ئه‌ڵێ: ئێمه‌ كه‌له‌ به‌غدا ده‌رچووین دووان بووین ،كه‌چی وابووین به‌ سێ.
 
6-جارێك پیاوێكی گه‌وره‌ی ده‌م راستی به‌ ده‌سته‌ڵات ئه‌چێته‌ تیمارخانه‌یه‌ك بۆ سه‌یری ئه‌و شێتانه‌ی كه‌له‌ وێدان،له‌ ناو هه‌موویانا كه‌ ئه‌یان دوێنێ یه‌كێكیان زۆر به‌ژیرو له‌سه‌ر خۆو قسه‌ خۆش دێته‌ به‌رچاو،ئه‌میش ئه‌و یه‌كه‌ ده‌ر ئه‌هێنێ له‌ تیمارخانه‌كه‌، وه‌ له‌گه‌ڵ خۆی ئه‌یباته‌وه‌ بۆ ماڵی خۆیان، ئێوارێ مێزو مه‌زه‌و خواردن و خواردنه‌وه‌یان بۆ دا ئه‌نێن،كابرا له‌گه‌ڵ شێته‌كه‌دا دێنه‌ سه‌ر مێز،وه‌ خاوه‌ن ماڵ ده‌ست ئه‌كات به‌ خواردنه‌وه‌، ته‌ماشا ئه‌كات شێته‌ ناخواته‌وه‌،پێی ئه‌ڵێ: بۆ ناخۆیته‌وه‌؟ ئه‌ڵێ :تۆ ئه‌خۆیته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك منت لێ بێ، ئه‌ی من بخۆمه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی وه‌ك كێم لێ بێ؟ كابرای ژییر له‌سه‌ر ئه‌ قسه‌یه‌ ده‌ست له‌ خواردنه‌وه‌ هه‌ڵ ئه‌گرێ .
 
ژییری شێتان هه‌موو ئێسك سووك و گیانین پاك و دڵیان رووناك و زمانیان شییرین و قسه‌یان خۆشه‌،له‌به‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ كه‌س هیوای ئه‌م جۆره‌ قسانه‌یان لێ ناكه‌ن، بۆیه‌ وا ئێجگار قسه‌كانیان خۆشه‌ له‌ گوێچكه‌دا، به‌ڵام ژییره‌كان چونكه‌ هه‌میشه‌ چاوه‌روانیی قسه‌ی ژییرانه‌یان لێ ئه‌كرێ، ئه‌گه‌ر قسه‌ كه‌ زۆر به‌رزو به‌نرخ نه‌بێ،به‌ شتێكی هیچ و پوچ وه‌ر ئه‌گیرێ.
 
تێ ................ بی ............................ نی
 
ئه‌م بابه‌ته‌ نوسینی خوالێخۆش بوو مامۆستا قازی شێخ محمدی خاڵه‌ له‌ كتێبی ناڵه‌ی ده‌روون دا بڵاوی كردوه‌ته‌وه‌ حه‌زم كرد سه‌رنجی خوێنه‌ران بۆ ئه‌و نوسینه‌ی مامۆستای پایه‌به‌رزو به‌رێزه‌ رابكێشم هه‌زار ره‌حمه‌ت له‌ رۆحی له‌ خوا داواكارم له‌ به‌هه‌شتی نه‌براوه‌ی خوادا بحه‌سێته‌وه‌.

كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 73099     میوان 59