چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی پڕۆفیشناڵ له‌ وڵاتی كورده‌واریدا

2018-01-08
 بینراوه‌  : 36

 دووجۆر له‌ چاره‌سه‌ر

جۆری یه‌كه‌م/
دۆستێكی به‌ڕێزم بۆی گێڕامه‌وه‌ كه‌زه‌مانی زوو له‌م وڵاته‌دا جوتیارێكی زرنگ و زیره‌ك به‌ڵام هه‌ژار هه‌بووه‌ زه‌وی و زارێكی باش و به‌ پیتی ده‌بێت هه‌موو ساڵێك به‌ عاره‌قی نێو چاوانی وهه‌وڵ و ته‌قالای خۆی و منداڵه‌كانی ده‌یكێڵێت وده‌یچێنێت به‌ وشكه‌دانی وه‌ك گه‌نم و جۆ و نیسك و نۆك له‌ سایه‌ی خواوه‌ واریاتێكی باشی ده‌بێت ،

كابرایه‌كی زۆردار و كه‌سدارو ده‌مدار تێی ده‌پێچێت و تا ئه‌ندازه‌یه‌ك ئه‌و شاییه‌ی لێ ده‌كات به‌شیوه‌ن ، ڕۆژێك جوتیاره‌كه‌ گه‌نمی تۆوی بردبوو بۆ سه‌ر زه‌وییه‌كانی بۆ تۆوو كردن بانه‌ لێ ده‌دات و به‌رچاكی لێ هه‌ڵ ده‌كات له‌پاش بسم الله‌ كردن مشتی لێ ڕاده‌وه‌شێنێت به‌ تۆوكردنه‌كه‌ له‌پڕ كابرای زۆرداری لێ تاین ده‌بێت ، به‌بێ ماندو نه‌بیت و خوا قوه‌تت بدات كابرایش ده‌سته‌ سڕه‌ گه‌وره‌كه‌ی به‌ر پشتوێنی ده‌ر ده‌هێنێ و ده‌یكات به‌ به‌رچاكی تۆودان كابراش سه‌ری سووڕده‌مێنێ خۆ ئه‌مه‌ پیاوی پیاوه‌تی و هه‌ره‌وه‌زی و هاوكاری نی یه‌ ده‌بێت نیازی چی بێت و چی بكات ؟ خول خول كابرا دێت شان به‌ شانی جوتیاره‌كه‌ له‌ تۆشه‌به‌ره‌و به‌رچاكی خاڵی دا ده‌ست ده‌كات به‌ مشت ڕاوه‌شاندن وه‌ك جوتیاره‌كه‌، كابرای جوتیاریش ده‌پرسێ لالۆ ئه‌وه‌ چی ده‌كه‌یت؟ ئه‌ویش ده‌ڵێت تۆو ده‌وه‌شێنم ، جوتیاره‌كه‌ ده‌ی كامه‌یه‌ تۆوه‌كه‌ت ؟ ئه‌وه‌تا نایبنی ؟ نه‌وه‌الله‌ هیچ نابینم شان به‌شانی جوتیاره‌كه‌ دێت و ده‌ڕوات و مشت ڕاده‌وشێنێ به‌ خۆڕایی كابراش له‌ پاش تۆوه‌كه‌ ده‌ست ده‌كات به‌ كێڵان و جووت كردن ، به‌ڵێ وه‌رزی دره‌و داس دێته‌ پێشه‌وه‌ كابرا دروێنه‌ی گه‌نمه‌كه‌ی ده‌كات و ده‌یخاته‌ خه‌رمان و به‌ حاحا و هۆهۆ گێره‌ی ده‌كات و ده‌یكوتێت و شه‌ن و كه‌وی ده‌كات و خه‌له‌كه‌ سوورده‌بێت له‌ خه‌رمانه‌كه‌دا ماشالله‌ به‌ ئه‌ندازه‌ی گردێك وه‌الله‌ له‌پڕ مووی لووت و دێوه‌ زمه‌كه‌ په‌یدا ده‌بێته‌وه‌ دارێكی درێژ دێنێت و سووری خه‌رمانه‌كه‌ ده‌كات به‌ دوو كوته‌وه‌، هه‌میسان جوتیاری هه‌ناسه‌ سارد ده‌ڵێ لالۆ ئه‌وه‌ خێره‌ بۆ واده‌كه‌یت؟ ئه‌ویش ده‌ڵێ به‌شی ده‌كه‌ین مه‌گه‌ر من و تۆ شه‌ریك نین له‌م گه‌نمه‌دا بۆ تۆ نازانی من چه‌ند زه‌حمه‌تم بووه‌ له‌ تۆو دان و ئه‌م سه‌رو ئه‌و سه‌ردا ؟ كوره‌ برا بیكه‌ به‌خاتری خوا كوره‌ لالۆ مناڵم ورده‌ وازم لێ بهێنه‌ هیچ ده‌ڵێ هه‌ر ئه‌وه‌یه‌ به‌ خوا زۆر له‌سه‌ری بڕۆی ئه‌وی تریشی ئه‌كه‌مه‌ سه‌ر به‌شه‌كه‌ی خۆم ، كابرای هه‌ناسه‌ سارد و ڕه‌نج بێوه‌ر كه‌مێك پرته‌و بۆڵه‌ی لێوه‌دێت له‌به‌ری خۆیه‌وه‌ و به‌ڕاكردن ده‌ڕواته‌وه‌ بۆ ئاوایی ئه‌م زۆرداره‌ برایه‌كی له‌ خۆی گه‌وره‌تری ده‌بێت هانای بۆ ده‌بات و ده‌ست ده‌كات به‌ پشتوێنه‌كه‌یدا مامۆ (ش) له‌ دوای خوا كه‌س شك نابه‌م تۆ نه‌بێت فریام بكه‌وه‌ ئه‌میش ده‌ڵێ خێره‌ برا؟ جوتیاره‌كه‌ش ده‌ڵێ (ت)ی برات هاتووه‌و خه‌رمانه‌كه‌ی كردووم به‌ دووبه‌شه‌وه‌ و ده‌ڵێ نیوه‌ی هی منه‌و نیوه‌ی هی تۆیه‌ به‌ڵكو بێیت زه‌حمه‌ت بكێشی قه‌ناعه‌تی پێ بكه‌یت و وازم لێ بێرێ ئه‌ویش ده‌ڵێ ناشێ ئه‌و ناكه‌سه‌ی برای منه‌ وایكردبێت ئێستا دێم عیلاجی ده‌كه‌م وه‌الله‌ ده‌كه‌ونه‌ رێ و نزیك ده‌بنه‌وه‌ سه‌یرده‌كات وا فڵانه‌ كه‌سی برای گونیه‌ پڕده‌كات له‌ سووری خه‌رمان هه‌ر له‌ دووره‌وه‌ هاوار ده‌كات هۆ هۆ (ت)ی برام ( ت)ی برام ئه‌وه‌چی ده‌كه‌یت هه‌ی بێ ویژدان؟ له‌هه‌ر چوار مه‌زهه‌ب به‌شم بڕیابێ ئه‌و نیوه‌كه‌یشی هی منه‌، وه‌الله‌ بۆ خۆی كابرای داماو به‌ ده‌ستی دوو سته‌مكاره‌وه‌ به‌ده‌ستی به‌تاڵ لۆژه‌ لۆژ به‌ره‌و ماڵ ده‌ڕواته‌وه‌و ده‌ستی له‌ بنی هه‌مبانه‌كه‌وه‌ ده‌ر ده‌چێت ئه‌مه‌ جۆرێكه‌ ه‌ چاره‌سه‌ری گه‌نده‌ڵی و سته‌م له‌م مه‌مله‌ كه‌ته‌دا هه‌ر له‌ زه‌مانی زووه‌وه‌ ئه‌وه‌ی په‌نای پێ ده‌به‌یت و به‌ پیاوی ده‌زانی دیفاعت لێ بكات له‌ هه‌موو كه‌س نامه‌رد ترو ته‌ماع باز ترو جه‌رده‌ تره‌  به‌پشتیوانی خوا چاوه‌ڕوانی جۆری دووه‌میش بن سبه‌ینێ .

مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی / 5- ره‌مه‌زان-1437 هه‌له‌بجه‌


كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 73085     میوان 51