سه‌رنج و سه‌ر سوڕمان ئه‌رشیف !

2018-01-08
 بینراوه‌  : 27

 چوارشه‌ممه‌ 25-5-2016 كه‌ ڕۆژی جیهانی منداڵانی ونبوو بوو، له‌ یادگاری شه‌هیدانی هه‌ڵه‌بجه‌ كۆڕ به‌ندێك سازكرا بۆ باسی كێشه‌ی منالانی ونبوو وبێ سه‌رو شوێنكراوی هه‌ڵه‌بجه‌ و گشت

ناوچه‌كانی تری كوردستان،

ئه‌م كۆڕبه‌نده‌ ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی هه‌ڵه‌بجه‌ به‌ هاوكاری زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌سلێمانی و زانكۆی هه‌ڵه‌بجه‌ سازكرابوو، ژماره‌یه‌كی زۆر هاو وڵاتی وبه‌رپرس وكه‌سایه‌تی حیزبی و حكومی و مامۆستایانی زانكۆكانی هه‌رێم ومیوانی ئێرانی و بیانی وپه‌رله‌مانتار و ڕۆشنبیرو یاساناس و داواكاری گشتی و دادوه‌ر و نوسه‌ر بانگهێشت كرابوون له‌ دیارترین كه‌سایه‌تی یه‌كانی ناو كۆڕبه‌نده‌كه‌ به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م احمد صاڵح بوو سه‌رۆكی بۆندی زانكۆی ئه‌مه‌ریكی له‌ سلێمانی وبه‌رێز كاك محمدی حاجی محمود و سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێران وبه‌ڕێز كاك عبدالرحمان عبدالرحیم وه‌زیری هه‌رێم بۆ كارو باری ژینگه‌ وبه‌ڕێز كاك فاروقی زواره‌ به‌رپرسی مانگی سووری ئێرانی شاری پاوه‌ له‌ كاتی ڕوودانی تاوانی كیمیا بارانكردنی شاری هه‌ڵه‌بجه‌دا، به‌نده‌ش مامۆستا مه‌لا طاهری بامۆكی وه‌ك زانایه‌كی ئاینی وكه‌سایه‌تی یه‌كی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ خوڵك كرابووم بۆ ئه‌و كۆڕ به‌نده‌ منیش له‌به‌ر ڕێزلێنان له‌ مناڵه‌ ونبووه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌ وئه‌وانه‌ش كه‌ دۆزراونه‌ته‌وه‌و گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ به‌شداریم كرد له‌ كاتژمێر ده‌ی سه‌رله‌به‌یانی هه‌تا پێنجی سه‌رله‌ ئێواره‌ی هه‌مان ڕۆژ، له‌سه‌ره‌تای كردنه‌وه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا نوێنه‌ری ڕێكخراوه‌كانی هه‌ڵه‌بجه‌م ئاگاداركرد كه‌ من په‌یڤێكم نوسیوه‌ بۆ ئه‌م بۆنه‌یه‌ فه‌رموون سه‌یری بكه‌ن و ئه‌گه‌ر به‌ باشتان زانی سێ خوله‌ك ماوه‌م بده‌نێ با بیخوێنمه‌وه‌ به‌ڵام وادیاربوو ڕووی بازاڕی نه‌بوو بۆیه‌ بوار نه‌درا بخوێنرێته‌وه‌، به‌هه‌رحاڵ ئه‌مه‌ گله‌یی شه‌خسی یه‌ و زۆر ئیعتیباری نی یه‌، هه‌رله‌ سه‌ره‌تای ئاماده‌بوون وهاتنه‌ ژووره‌وه‌ بۆ ناو هۆڵه‌كه‌ تاكۆتایی ئه‌م چه‌ند سه‌رنجه‌م له‌لا دروست بوو له‌ به‌ڕێوه‌ بردنی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا وا لێره‌دا ده‌یانخه‌مه‌ ڕوو ته‌نها بۆ زانین وئاگاداربوونه‌وه‌ و به‌و ئومێده‌ی له‌ بۆ بۆنه‌یه‌كی تر دووباره‌ نه‌كرێنه‌وه‌ و هه‌ڵه‌بجه‌ مۆركی ئاشتی پێوه‌ دیار بێت: 1-ژماره‌یه‌كی زۆری پاسه‌وان و ئاسایش و چه‌كدار كه‌ سیمایه‌كی سه‌ربازی به‌ شاره‌كه‌و یادگاری هه‌له‌بجه‌ به‌خشیبوو، خۆزگه‌ هه‌مووان خاكی وبێ ترس بهاتنایه‌ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ی خنكاوی ده‌ستی چه‌كی جۆراو جۆر كه‌ دواهه‌مینه‌كه‌یان كیمیاویه‌كه‌ بوو.
2-له‌كردنه‌وه‌ی كۆڕبه‌نده‌كه‌دا نه‌ بسم الله‌ تیاكرا و نه‌ قورئانی ڕۆتینی سه‌ره‌تای بۆنه‌كانیش هه‌ناسه‌ی بۆ درا له‌به‌ر ناخ و نه‌فه‌سی به‌ڕێوه‌به‌رانی كۆڕبه‌نده‌كه‌ كه‌ په‌ستانی خوێنیان به‌ قورئان به‌رز ده‌بێته‌وه‌ وله‌وانه‌شه‌ بۆ شه‌كره‌كه‌شیان خراپ بێت .
3-ئه‌وه‌نده‌ی ڕاگه‌یه‌نكارو وێنه‌ گر و ڕۆژنامه‌نوس و چاودێرو خزمه‌تگوزار له‌ هۆڵه‌كه‌دا بوو وه‌ك په‌ڵه‌ی هه‌ور كۆڕبه‌نده‌كه‌ی داپۆشیبوو بواری دانیشتن و هاتوچۆی گران كردبوو.
4-سه‌رله‌به‌یانی كه‌ به‌ڕێز دكتۆر به‌رهه‌م و كاك موحه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود و سه‌ركونسوڵی كۆماری ئیسلامی ئێرانی لێبوو شان شانێن بوو بۆ چوونه‌ ژووره‌وه‌و جێگه‌ گرتن و وێنه‌ گرتن و قسه‌ كردن و ده‌ركه‌وتن، به‌ڵام له‌پاش نیوه‌ڕۆ كه‌ ئه‌و به‌ڕێزانه‌ ماڵ ئاواییان كرد و ڕۆشتن ئیتر هۆڵه‌كه‌ چۆڵی و بێ زه‌وقی باڵی كێشابوو به‌سه‌ریدا و خواخوات بوو دووكه‌سی تر بێته‌ ژووره‌وه‌و كورسی یه‌كان زۆر چۆڵییان پێوه‌ دیار نه‌بێت .
5- له‌لایه‌ن هه‌ندێك له‌ میوانه‌كانه‌وه‌ هه‌وڵ ئه‌درا له‌ كۆڕ به‌نده‌كه‌دا زۆر باسی هه‌ڵبجه‌ نه‌كرێت و به‌گشتی باسی ونبووه‌كان وبێ سه‌رو شوێنه‌كان بكرێت ، كوردیش زوو وتوویه‌تی به‌ردی زل هه‌ڵگرتن نیشانه‌ی نه‌وه‌شاندنی یه‌تی، تۆ وازمان لێ بهێنن باهه‌ڵه‌بجه‌ پێ بگرێت .
6- قسه‌ی جوان و باسی باش پێش كه‌شكرا به‌ڵام خۆزگه‌ تۆزێك خوێی زامی قوڵی مناڵه‌ ونبووه‌كان و خێزانه‌كانیان و بنه‌ماڵه‌ی شه‌هیدانی بكردایه‌ ، به‌ڵام زۆربه‌ی ئاماده‌بوان پێیان وابوو ئه‌م ڕۆژه‌ش وه‌ك شانزه‌ی سێ خۆنواندنێكی تره‌ و یاعه‌مر تا ساڵێكی تر 25-5 .
7- دووباره‌ بوونه‌وه‌ی بابه‌ته‌كان و داواكاری و پرسیاره‌كان و تێچێنه‌كان.
8- بانگ نه‌كردنی میدیاو ته‌له‌فزوێنه‌كانی توركیاو ئێران و عێراق وبیانی یه‌كان، هه‌روه‌ها بانگ نه‌كردنی چه‌ند كه‌سایه‌تی یه‌كی سوونه‌و شیعه‌ی عێراقی بۆ ناو كۆربه‌نده‌كه‌ تا بزانن چی به‌ هه‌ڵه‌بجه‌و كورد كراوه‌ و پێش مه‌رگه‌ش چ ڕۆڵێكی جوامێرانه‌ ده‌بینن كه‌چی زۆربه‌ی پێكهاته‌كانی تری عێراق تا ئێستاش چۆن مامه‌ڵه‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌م گه‌له‌ ده‌كه‌ن .
9- هه‌میشه‌ ئه‌وانه‌ی له‌ پێشه‌وه‌ن ونزیكن له‌ سه‌كۆكه‌ زوو ئاو و شیرینیان بۆ ده‌به‌ن، هه‌ربڵاوكراوه‌و كتێب وشتێكی تریان به‌سه‌ردا دابه‌ش ده‌كرێت ئه‌وانه‌ی تریش ده‌بێت زڵته‌ی چاویان بێت و باوێشك بده‌ن .
10-قاڵه‌و قڕه‌ی ده‌م ده‌رگای هۆڵه‌كه‌ هۆكاربوو زۆر سوود له‌ بابه‌ته‌كان وه‌رنه‌گیرێت و فلاشی وێنه‌ گرتن بۆ داتا شۆكه‌ له‌كاتی كوژاندنه‌وه‌ی گوڵپی ناو هۆڵه‌كه‌دا سه‌ری له‌ بینه‌ران تێك دابوو هه‌روه‌ها زه‌نگی مۆبایلی ئاماده‌بوان جۆرێك بێ تامی به‌خشیبوو به‌ كۆڕبه‌نده‌كه‌.
11-بیست و هه‌شت ساڵه‌ هه‌ڵه‌بجه‌ كیمیاباران كراوه‌ به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جاره‌ كۆڕێكی وا زانستی و یاسایی و به‌ڵگه‌نامه‌یی بۆ بگیرێت ، ئه‌زانن بۆچی ؟
أ‌- ململانێی حیزبی ناشیرین و قیزه‌ون له‌ چه‌ند ساڵی ڕابووردوودا . 
ب‌- دانه‌نانی كه‌سی به‌تواناو شیاو له‌و شوێنه‌دا،به‌ڵكو هه‌میشه‌ هه‌وڵی ڕازی كردنی كه‌س و بنه‌ ماڵه‌ دراوه‌و دانانی مرۆڤی ده‌سته‌ مۆ و گوێڕایه‌ڵ بۆ به‌رپرسه‌ لێنه‌زانه‌كان .
ت‌- بیركردنه‌وه‌ له‌ سه‌فه‌رو ده‌عوه‌ت نامه‌ بۆ ئه‌وروپاو وڵاتان و قه‌پات بوون و خۆناساندن به‌ كه‌سایه‌تی و به‌رپرسه‌ بیانی وحكومییه‌كان له‌بری خه‌مخواردنی مناڵانی ونبوو وبێ سه‌روشوێن . 
پ- سوود وه‌رنه‌گرتن له‌ توانای كه‌سانی شاره‌زاو لێزان و ڕاوێژنه‌كردن به‌ و هه‌موو زانای دڵسۆزو كه‌سایه‌تی عه‌شایه‌رو بازرگان و خێرخوازه‌ی له‌ سنووری ئه‌م پاریزگایه‌دا هه‌بوون و هه‌ن له‌جێی ئه‌وه‌ بانگهێشتی چه‌ند كه‌سێكی لاوازو چه‌ند مێزه‌ر به‌سه‌رێكی نامۆبه‌ خه‌ڵكی هه‌ڵه‌بجه‌و هه‌ورامان و شاره‌زور. 
ج-هێنده‌ی پاره‌ی خواردنه‌كان و ئارایش و دیكۆرات بدرایه‌ بۆ خه‌می مناڵه‌ ونبووه‌كان و گه‌ڕاوه‌كان كارمان به‌م ڕۆژه‌ نه‌ده‌گه‌یشت .
له‌كۆتاییدا ده‌ڵێم ده‌ستی هه‌مووتان خۆش بێت ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆش كرا نه‌كرایه‌ چیمان بكردایه‌ هێشتاش زووه‌و كاری زۆرمان ماوه‌، كاری بێ په‌ڵه‌و هه‌ڵه‌ش ته‌نها كاری خوایه‌، ئێمه‌ هه‌موو مرۆڤین و مرۆڤیش له‌لایه‌ك شتی له‌بیرده‌چێت و له‌لایه‌ك هه‌ڵه‌ ده‌كات له‌لایه‌ك نازانێت و له‌لایه‌ك ناتوانێت و كۆسپه‌كان زۆر و گه‌لی كورد بێ كه‌سه‌و هه‌ڵه‌بجه‌ش بێ كه‌س تر

مامۆستا مه‌لا طاهر بامۆكی/26-5-2016 هه‌ڵه‌بجه‌


كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 9384     میوان 39