حاڵی گه‌لی كورد له‌ حاڵی حازردا - ئه‌رشیف


 بینراوه‌  : 803

حاڵی گه‌لی كورد له‌ حاڵی حازردا خه‌ریكه‌ بڵێم وپێشم خۆش نی یه‌ به‌ڵام به‌ خوا هه‌ر ده‌یڵێم:

به‌ڕێزێك بۆی گێرامه‌وه‌ وتی مامۆستایه‌كی زۆر خوێنده‌وارو قسه‌خۆشی ئه‌م كوردستانه‌ دوو هاوسه‌ری هه‌بوو، رۆژێك میوانی بووم وتم مامۆستا وه‌زعتان چۆنه‌ له‌گه‌ڵ مامۆستا ژنه‌كان حاڵتان باشه‌؟ ره‌فیقه‌كه‌م وتی مامۆستا وه‌ڵامێكی زۆر عه‌جیبی دامه‌وه‌ وفه‌رمووی فڵانی باوه‌ڕت ببێ (ژنی یه‌كه‌مم ڕقی یه‌تی له‌ ژنی دووهه‌مم، ژنی دووهه‌میشم ڕقی یه‌تی له‌ ژنی یه‌كه‌مم، هه‌ردووكیشیان ڕقیانه‌ له‌من، منیش ڕقمه‌ له‌ هه‌ردووكیان، خوایش ڕقیه‌تی له‌ هه‌رسێكمان)، قه‌ناعه‌تتان ببێ ئه‌م گه‌لی كورده‌ و به‌تایبه‌تی ئه‌م هه‌رێمی كوردستانه‌ كوت و مت ئه‌ڵێی ماڵی ئه‌و مامۆستابه‌ڕێزه‌یه‌، به‌ڵام ئه‌و پیاوه‌ ڕاستی یه‌كه‌ی لای قوتابی یه‌كی دركاندووه‌ به‌ڵام ئه‌م ماڵه‌ گه‌وره‌ كه‌سی ده‌ری نابڕێت وجورئه‌ت وشه‌هامه‌تی ئه‌وه‌ی نی یه‌ بڵێ ئه‌و حیزبه‌ و ئه‌و سه‌رۆك خێڵه‌و ئه‌و خاوه‌ن كۆمپانیاو ئه‌و وه‌زیره‌و ئه‌وقژنه‌ سه‌ره‌ ڕقی یه‌تی له‌من و منیش ڕقمه‌ له‌ ئه‌وان و خوایش ڕقی یه‌تی له‌ هه‌مومان، ئاخر وازم لێ بهێنن با ورگی خۆم بدڕم له‌ داخی ئه‌م هه‌موو داخه‌، له‌داخی ئه‌م هه‌موو درۆی زه‌به‌لاحه‌ له‌داخی ئه‌م هه‌موو ده‌هۆڵ و زوڕنایه‌ی ئیعلام ئه‌یكوتێ ئه‌رێ پێم ناڵێن سوودو كه‌ڵك ومه‌نفه‌عه‌ت وئیستفاده‌ی چی بووه‌ بۆ كورد وكوردستان و بۆ هه‌ڵه‌بجه‌، مینجه‌ مینج و مس مس وقور قور و دوایی دووسێ قسه‌ زان دێنه‌ به‌رده‌م مه‌نه‌صه‌یه‌ك وده‌ڵێن كۆبوونه‌وه‌یه‌كی سه‌ر كه‌وتووبوو ئه‌م میله‌ته‌ نازانێ سه‌ركه‌وتوو یانی چی ؟ ئه‌وسا ئێمه‌ی لادێی هه‌ركه‌سێكمان حه‌واسی نه‌مایه‌و زۆر په‌رێشان وتاڵ بوایه‌ پێیان ئه‌وت ئه‌وه‌ خه‌یره‌ ئه‌ویش ئه‌ی وت سه‌رم كه‌وتووه‌ واته‌ سه‌ركه‌وتوو ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ سه‌ركه‌وتوانه‌ هه‌ر هه‌مان تاس و حه‌مامه‌كه‌ی جارانه‌ سه‌ركه‌وتوون واته‌ سه‌ریان كه‌وتووه‌ ، یه‌ك جیاوازییان هه‌یه‌ جاران له‌ ناودێ دا حه‌كیمێك هه‌بوو سه‌ری كه‌وتووی ده‌گرته‌وه‌ به‌ڵام ئه‌م سه‌ركه‌وتوانه‌ی ئه‌م زه‌مانه‌ ئه‌و حه‌كیمه‌شیان نی یه‌ سه‌ره‌ كه‌وتووه‌كه‌یان بۆ بگرێته‌وه‌ بۆیه‌ هه‌ر سه‌ركه‌وتوون به‌رده‌وام سه‌ركه‌وتوون و خه‌ریكه‌ سه‌ریشمان له‌ هیچه‌وه‌ ده‌رچێت، كوره‌ عه‌یبه‌ كوره‌ خه‌جاڵه‌تی یه‌، كوره‌ داوه‌شیانه‌ هه‌فتا ساڵه‌ ئه‌م میله‌ته‌ داماوه‌ به‌ته‌مای ڕیكه‌وتنی ئه‌م ناڕێكانه‌یه‌ و ڕێك ناكه‌ون، هه‌فتا ساڵه‌ ئه‌م گه‌لی كورده‌ به‌ته‌مای ئه‌م سه‌ركه‌وتووانه‌یه‌ و سه‌ریش ناكه‌ون، هه‌فتا ساڵه‌ ئه‌م نه‌ته‌وه‌ هه‌ناسه‌ سارده‌ به‌ته‌مای ئه‌وه‌یه‌ خه‌فه‌تی شه‌ومه‌نه‌ ببێ به‌ڵام ئه‌م ئه‌حا شێركوژانه‌ ناهێڵن، هه‌فتا ساڵه‌ ئێمه‌(بنه‌)مان نی یه‌ هه‌مووی(سه‌رپه‌ڕه‌)، هه‌فتاساڵه‌ ئێمه‌ برا بچوكمان نی یه‌ هه‌مووی براگه‌وره‌و ئاغایه‌، هه‌فتاساڵه‌ دایكێك نه‌بوو كوڕیك پێ بگه‌یه‌نێ و په‌روه‌رده‌بكات بتوانێ ئه‌م ده‌رده‌ تیمار بكات ، هه‌ركه‌س دێت ئه‌یكولێنێته‌وه‌و مشتێكیش خوێی تێ ده‌كات، به‌خوا وه‌ك ماڵی مامۆستاكه‌ وایه‌ ئه‌ندامانی یه‌ك حیزب كه‌نه‌ له‌یه‌كتر ده‌كه‌ن وخۆشیان له‌یه‌كتر نایه‌، ئه‌م حیزبه‌كه‌ش خۆشی له‌و حیزبه‌كه‌ نایه‌ هه‌ردووكیشیان خۆشیان له‌ حیزبه‌كانی تر نایه‌ حیزبه‌كانی تریش خۆشییان له‌م دوان سیانه‌ نایه‌ گه‌لیش خۆشی له‌كه‌سیان نایه‌ ده‌وڵه‌ته‌كانی ئیقلیمیش خۆشیان له‌كه‌سمان نایه‌ زل هێزه‌كانیش خۆشیان له‌ ئێمه‌ و ناوچه‌كه‌ش نایه‌ خوایش ڕقی له‌هه‌موویه‌تی چونكه‌ خوا ڕقی له‌ مرۆڤی خراپه‌ جا وا من وتم ئه‌مه‌ ناوه‌ڕاستی زه‌وییه‌ كێش ئه‌ڵێ وانی یه‌ با بی پیوێ. مامۆستا مه‌لاطاهر بامۆكی /17-3-2016 له‌ هه‌ڵه‌بجه‌ (بێ كه‌سه‌كه وه‌


كۆد بۆ دروستكردنی وێبسایت و داتابەیس و دابین كردنی هۆست و دۆمەین
KOD for Developing Databases, Websites and Offering Domains and Hostings
https://www.facebook.com/kod4it
http://www.kod4it.com
سه‌ره‌كی  |  وانه‌ی خوشكان‌  |  وانه‌ی شه‌وان  |  هه‌مه‌ڕه‌نگ  |  ده‌رباره‌  |  په‌یوه‌ندی
Created by kod4it    -   All Right Reserved   © 2010 - 2018
ژماره‌ی سه‌ردان 134594     میوان 45